داوا ده‌كرێت کورد مافەکانی له چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق زامن بکات
ئه‌مجاره شاندی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر به‌شداری گفتوگۆ ستراتیژییه‌كانی كردووه
K24 - هه‌ولێر:
خولی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی ئەمه‌ریکا و عێراق لەچاو خولی یەکەم فراوانتر بەڕێوەدەچێت و چەندین وەزیر و دیپلۆماتکار لە ھەردوولا بەشدار دەبن، شاندی ھەرێمی کوردستانیش ئەمجارە فراوانترە، شارەزایان دەڵێن کورد دەتوانێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق ستراتیجی خۆی ھەبێت.
گەڕی دووەمی گفتوگۆی ستراتیجی كه لە ئەمه‌ریکا بەڕێوەدەچێت و شاندەکان لە خولی یەکەم فراوانترن، ئەمجارە شاندی ھەرێمی کوردستانیش له‌سه‌ر ئاستێكی فراوانتر بەشداری کردووە، پسۆڕانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، پێویسته کورد لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق، مافەکانی زامن بکات.
عێراق و ئەمه‌ریکا لە بوارەکانی سەربازی، سیاسی، وزە، ئابووری و کۆمەڵێك پرسی دیکە گفتوگۆ دەکەن و له میانه‌ی چه‌ندین گه‌ڕی دیكه‌دا تاوتوێ ده‌كرێن و درێژەیان دەبێت، پێویستییەکانی ئەم گفتوگۆ و رێکەوتنانە بۆ ھەردوولا دوو لایەنەیە، بە تایبەت ئەمه‌ریکا کە دەیەوێت ئەو بەرژەوەندیانەی لە عێراق ھەیەتی، چوارچێوەیەکی یاساییان بۆ دروست بکات.
بەر لە چەند مانگێك گه‌ڕی یەکەمی گفتوگۆکان بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس به‌ڕێوه‌چوو، بەڵام ئەمجارە گفتوگۆکان جیا لەوەی چەندین وەزیر تێیدا بەشدارن، سەرۆکی ھەردوو وڵاتیش دیداری تایبەتیان دەبێت، خولی یەکەم کورد بە یەك ئەندام بەشداربوو، بەڵام لە خولی دووەم چەندین نوێنەری کورد لە گفتوگۆکان راستەوخۆ بەشدارن.
H.B