داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی سووریای لە ئەستۆ گرت
ڕێکخراوی تیرۆرستی "داعش" بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی پارێزگای سووەیدا بۆسەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ئەستۆ گرت.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ و گرووپی هەواڵگریی سایت کە چاودێری گرووپە جیهادییەکان دەکەن. ڕایگەیاند "ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بۆمبێکی بە ئۆتۆمبێلێکی سەر بە هێزەکانی حکوومەتی نوێی سووریا لە پارێزگای سووەیدا تەقاندووەتەوە، ڕوونیشیکردەوە، پێشتر لەلایەن "سەربازانی خەلافەت"ەوە بۆمبەکە چێنراوە."
ڕوانگە و سایتی سووریا ئەم تەقینەوەیان بە "یەکەم هێرش" زانی کە گروپەکە بانگەشەی بۆ دەکات دژی ئەو هێزانەی دوای ئەسەد دەسەڵاتیان گرتە دەست. لە تەقینەوەکەدا کەسێک کوژرا و سێ ئەندامی فیرقەی 70ـی سوپای نوێی سووریا بریندار بوون.
پێشتر ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا داوا لە چەکدارە بیانییەکانی ڕێکخراوەکە و دەزگای ئەمنییەکان دەکات، ئەوانەی چوونەتە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریا، "تەوبە بکەن" و بگەڕێنەوە ناو ڕێکخراوەکە، هاوکات هەڕەشەی پەردەپۆشکراو بۆ ئەو کەسانە دەردەکات کە بەردەوامن لە کارکردن.
بەیاننامەکە لە ڕێگەی ئەو کەناڵانەی نزیک لە ڕێکخراوەکەوە بڵاوکرایەوە، بە تایبەتی باسی لەو چەکدارە بیانیانە کردووە کە "توخمەکانی غەیرە سووریان"، پەیوەندییان بە هێزەکانی سووریا کردووە و بە "خیانەتکار و یارمەتیدەری ستەمکاران" وەسفیان کردووە.
داعش لە بەیاننامەکەدا پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی هێزەکانی سووریاوە بە "هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام" زانیوە، بە ئاماژەدان بە تۆمەتە دووبارەکانی ڕێکخراوەکە واتە سوپای سووریا، بەوەی ڕێکخراوەکە ناڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ قەوارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات، داوای "تەوبەکردن پێش ئەوەی درەنگ بێت" کرد.
بەیاننامەکە هەڕەشەی پەردەپۆشکراوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نزیکەکانی لەخۆگرتبوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نیازی ڕێکخراوەکە بۆ پەرەپێدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە سووریا.