قایمقامی پێنجوێن: بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە پێنجوێن 10 کەس برینداربوون

بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن 10 کرێکار برینداربوون و دوو لە بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون لە سلێمانی.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی تەقینەوەی مینێک لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن 10 کەس برینداربوون.

سامان نادر گوتیشی: تەندروستی شەش کەسیان جێگیرە و لە نەخۆشخانەی پێنجوێن چارەسەر دەکرین، دوو برینداری دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار کراون.

هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن لەسەر ئەم ڕووداوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لە کێڵگەیەکی شوتی دا لە گوندی کێلو، مینێک بە 10کەسدا تەقیوەتەوە، بەڵام دوو لەوانە تەندروستییان جێگیرە و نەچوونەتە نەخۆشخانە"

هێمن ئیبراهیم، گوتیشی: سەرجەم کرێکارەکان کوردن و دانیشتوی شارۆچکەی شارەزور و سەیدسادقن، لە کاتی پشوو دان دەستکاری پاشماوەی جەنگیان کردوە، کە لەو ناوچەیەدا بووەو پێیاندا تەقیوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی لێ ڕووداوە، زەویی کشتوکاڵییە و ساڵانە جوتیاران بە مەبەستی کشتوکاڵکردن بەکاریدەهێنن، لەکاتی تەقینەوەی ئەو مینە، ژمارەیەک کرێکار کاریان کردووە و بەهۆی تەقینەوەکە هەشت کەس برینداربوون.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment