پۆلیسی سلێمانی: بکوژەکەی پیرەمەگرون دەستگیر کرا
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ لە پیرەمەگرون دراوسێکەی خۆی بەبەرد کوشت، دەستگیر کرا.
هەینی 30ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئەمڕۆ بەیانی، زانیاری گەیشتووەتە مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرون كە لە گەڕەكی ئاسۆس لە شارۆچكەی پیرەمەگرون شەڕ ڕویداوەو كەسێك بریندارە ، هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو بریندارەکەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە كە بەرد كێشرابوو بەسەریدا و بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لەدەستدا.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند:دوای ڕووداوەکە، لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانی پۆلیسی بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرونەوە لەماوەی كەمتر لە یەك کاتژمێر تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت .
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشی کردووە، ئێستا تۆمەتبار ( س، ح ، ع ) لەدایكبووی 1980 ، بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە .