ئاژانسێک وردەکاری پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستەکەی غەززە بڵاو دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد و بڵاوی کردووەتەوە، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازەکانی ئیسرائیل ڕادەست بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی ئەمەریکا لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیر وەکوو میسر و قەتەر پشتگیری دەکرێت و ئامادەییان دەربڕیوە، هەر کاتێک حەماس ڕێککەوتنەکەی ئیمزا کرد، دەستبەجێ هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەڵەتی دەگەیەنرێتە دانیشتووانی غەززە.

هەروەها ئەمەریکا بە سەرکردایەتیی حەماسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی شەڕ بۆ هەمیشە کۆتایی پێهات، دەبێت 30 بارمتەی دیکەی ئیسرائیل ئازاد بکرێن، لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە کۆتایی پێ دێنێت.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی نەبووە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل ڕەزامەندیی لەسەر پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، دەربڕیوە و بە ئاگربەست ڕازی بووە.

لەلایەکی دیکەوە باسم نه‌عیم، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حەماس ڕایگەیاندبوو، پشێنیازەکەی ئیسرائیل لەگەڵ ماف و خواستی فەڵەستینییەکان ناگونجێت، بە تایبەتی کە کۆتایی بە شەڕ ناهێت و هاوکارییە مرۆییەکان دەست پێ ناکرێنەوە.

گوتیشی: ئیسرائیل مەبەستیەتی لە ماوەی ئاگربەست دا لە داگیرکاری، توندوتیژی و برسیکردنی هاووڵاتییانی غەززە بەردەوامبێت، بۆیە سەرکردەکانی حەماس هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە پشێنیازەکەدا دەکەن.