دوای 43 ڕۆژ ناوەرۆکی نامەکەی شای سعوودییە بۆ ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکرا دەکرێت
ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناوەرۆکی نامەکەی شای سعوودییە بۆ ڕێبەری باڵای ئێران ئاشکرا دەکات، کە مانگی ڕابردوو لەلایەن وەزیری بەرگریی سعوودییە گەیەندرابووە دەست عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئایاری 2025، لەسەر زاری دوو سەرچاوەی وڵاتانی کەنداو و ئێران بڵاوی کردووەتەوە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعوودییە لە ڕێگەی خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری، نامەیەکی گەیاندبووە دەسەڵاتدارانی ئێران و هۆشداری پێدابوون، ئەگەر بە پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی نەبن، ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل دەبنەوە.
نامەکەی شای سعوودییە لە 17ـی نیسانی 2025، لەلایەن خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودییە لە تاران لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی داخراو و نهێنی ڕادەستی بەرپرسانی ئێران کراوە، کە هەر یەک لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.
هەروەها وەزیری بەرگریی سعوودییە بە بەرپرسە باڵاکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ چاوی لەوەیە بەزووترین کات لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بگەنە ڕێککەوتن، چونکە بژاردەی دیپلۆماسی بۆ هەمیشە بەردەست نابێت. ئاماژەشی داوە، ڕێککەوتن باشترە لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل.
سەردانەکەی وەزیری بەرگریی سعوودیە بۆ تاران بە مەبەستی گەیاندنی پەیامەکەی شای وڵاتەکەی بووە یەکەم سەردانی وەزیری بەرگری سعوودیە دوای 37 ساڵ بۆ تاران .