24 كەسی دیكە بەھۆی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستدا

"لە 24 كاتژمێردا 483 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە"

K24 - ھەولێر

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: "ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی ھەڵكشانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنادایە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زۆرترین پشكنین ئەنجامدراوە كە زیاتر بووە لە پێنج ھەزار، لەو ماوەیەدا 483 كەس تووشی كۆرۆنا بوونە".

ئاشكراشی كرد: "لە ماوەی 24 كاتژمێردا 24 كەسی دیكە لە ھەرێمی كوردستان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 325 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە نەخۆشخانەكان خەوێندرابوون، چاكبوونەتەوە".

وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: "تائێستا 849 كەس لە ھەرێمی كوردستان بە كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە".

لەبارەی دۆخی تووشبوون بە كۆرۆنا و رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە دەكەین و سبەی ئاشكرای دەكەی".

د. سامان بەرزنجی، رایگەیاند: "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی تایبەت پێشكەش بە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی دەكات، كە لە نەخۆشخانەكان بەردەوام لە ئەركدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆن، ھاوكات سەرۆكی حكومەت بڕێك خەرجی ھاندان پێشكەش بە پزیشك و كارمەندان دەكات و لە رۆژی یەكشەممەی داھاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی دابەش دەكرێت".

روونیكردەوە: "جەرجییەكە بە میكانیزمێك دابەش دەكرێت كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی بۆ پزیشك و كارمەندان دابەش دەكرێت".