ئاژانسێک: ئێران دەتوانێت نۆ بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دوو ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی بە دەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن، ئێران ئێستا دەتوانێت نۆ بۆمبی ئەتۆمیی دروست بکات، ئەمەش وڵاتانی ڕۆژاوای نیگەران کردووە.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە."

ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە "35 ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نێوانیاندا بەریتانیا، ئەمەریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا داوا دەکەن لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بە فەرمی بڵاوی بکەنەوە کە ئێران، پێشێلکاری یاسا و ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کردووە."

ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاندووە، بڕیارە چوار وڵاتە زلهێزەکەی ڕۆژاوا ڕەشنووسێک ئامادە بکەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا لە 9ـی حوزەیران، پێشکەشی ئەندامانی ئاژانسەکەی بکەن و دەنگی لە بارەوە بدرێت، ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا، ئەوە بۆ یەکەم جار ئاشکرا دەبێت کە ئێران، پێشیلکاریی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا کردووە.

ڕۆیتەرز، باسی لەوەش کردووە، ئەو هەڵوێستەی وڵاتانی ئەورووپا، ئێران نیگەران دەکات و دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن ئاڵۆزتر دەکات.

هاوکات، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، دۆزینەوەی ئەو بنکانە لە ئەنجامی لێکۆلینەوەیکی ورد و دوور و درێژدا بووە. 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسەکە لە سەر زۆریی پێگەی ئەتۆمییەکان، جێگای ڕەزامەندی نییە. ئێران تاوەکوو ئێستا وەڵامی لێکۆلینەوەکانی ساڵانی ڕابردووی لەسەر چەند پیگەیەکی ئەتۆمی نەداوەتەوە، کە سێ لەو شوێنانە بۆ تاقیکردنەوەی نهێنیی بەکار هێنراون،  ئەوانەش بریتین لە لاڤیسان-شیان، ڤارامین و تورقوزئاباد.

لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە "ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە %60، بەم ئاستە، تاران دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمی دروست بکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە کە ڕێژەی یۆرانیۆمی پێتێنراوی ئێران، گەیشتووەتە نۆ هەزار و 247 کیلۆگرام، ئەمەش 45 ئەوەندە زیاترە لەو ڕێژەیەی لە ڕێککەوتنی 2015 دا دیاری کرابوو.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکە دەیسەلمێنێت کە ئێران بڕیاری داوە چەکی ئەتۆمی دروست بکات، جیهان دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ئێران بوەستێنێت.