یەکێتیی ئەورووپا: وەڵامی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا دەدەینەوە
گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوەی باجە گومرکییەکانی ئەمەریکا دەکەن، گوتیشی: ئەو بڕیارە نرخی مامەڵەی بازرگانی بەرز دەکاتەوە.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئێرک مامەر، گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ زیادکردنی باجی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی هاوەردەکراو بۆ ئەمەریکا، جێگای داخە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی نیگەرانیی ئابووریی جیهان و نرخی مامەڵەی بازرگانی بەرز دەکاتەوە.
باسی لەوەش کردووە، یەکێتیی ئەورووپا ئامادەکاری بۆ وڵامدانەوەی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، دوێنێ هەینی 30ـی ئایاری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی: بە شانازیەوە لە 4ـی حوزەیرانی 2025، ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر بەرهەمە هاوردەکانی وەکوو ئەلەمنیۆم و ئاسن لە %25 بەرزدەکەینەوە بۆ %50.