ئێران پێشنیازی ئەمەریکای لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بەدەست گەیشت
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پێشنیازی ئەمەریکایان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لەلایەن وەزیری دەرەوەی عوممانەوە بەدەست گەیشتووە و بەم نزیکانە وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "بە مەبەستی گەیاندنی پێشنیازەکەی ئەمەریکا لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان ئەمڕۆ گەیشتە تاران."
هەروەها ئاماژەشی داوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتیمانی و مافی هاووڵاتییانی ئێران، وەڵامێکی گونجاو بە پێشنیازەکەی ئەمەریکا، دەدەینەوە.
هەینی، 23ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانی بڵاوی کردبووە، گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما، لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کۆتایی هات.
هەروەها ڕاشیگەیاندبوو، چاوەڕوان دەکرێت دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بێت و عوممانیش ڕۆژ و شوێنی گەڕی داهاتوو دیاری دەکات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەکە ئاماژەی دا، گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا ئاڵۆزە و کاتی زیاتری پێویستە.