ئێران: ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی مەبەستی سیاسییان هەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕەت دەکاتەوە و ڕایگەیاند، ئیسرائیل زانیاری هەڵەی داوتە ئەو ئاژانسە و ئەو ڕاپۆرتانە بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهاتوون.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوە و کۆمەڵەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکەن و  ڕایانگەیاندووە، پێکهاتە و ناوەڕۆکی ئەو ڕاپۆرتانە بۆ مەبەستی سیاسی بەرانبەر ئێران ئامادەکراون.

ئاماژەشی داوە، ڕاپۆرتەکان بە دروستی هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی ئێستای پێگە ئەتۆمییەکان نەکردووە.

باسی لەوەش کردووە، ئیسرائیل زانیاری ناڕاستی پێشکەشی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە.

هەر ئەمڕۆ شەممە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، کاتێک وڵاتانی دیکە دەڵێن، ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی نییە، ئەوە خۆسەپێنی و زاڵبوونی ئەوان بەسەر ئێمە پیشان دەدات. ئاماژەشی دا، ئایە ویستی ئەوان بۆ ڕێگریکردن لە ئێمە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم یاساییە؟

گوتیشی: بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئێمەش وەکوو هەموو وڵاتانی دیکە، مافمان هەیە سوود لە تەکنەلۆجیای بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی وەگرین.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە."

لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە "ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە %60، بەم ئاستە، تاران دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمی دروست بکات.

هەروەها ئاماژەشی داوە کە ڕێژەی یۆرانیۆمی پێتێنراوی ئێران، گەیشتووەتە نۆ هەزار و 247 کیلۆگرام، ئەمەش 45 ئەوەندە زیاترە لەو ڕێژەیەی لە ڕێککەوتنی 2015 دا دیاری کرابوو.