قەتەر، میسر و ئەمەریکا جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل دەکەنەوە

قەتەر و میسر ڕایانگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل دەکەنەوە.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، قەتەر و میسر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان داوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا جەخت لە گرنگی برەودان بە هاوڵەکان بۆ چارەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەینەوە.

ئەمەش لەکاتێک دایە، قەتەر، میسر و ئەمەریکا نێوەندگیری حەماس و ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر ئاگربەستی غەززە ڕێکبکەون. 

پێشتر بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی ڕایگه‌یاندبوو، وه‌ڵامی پێشنیازه‌كه‌ی ستیڤ ویتكۆف، نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ باره‌ی ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌ داوه‌ته‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌یشی گه‌یاندووه‌ته‌ نێوه‌ندگیره‌كان.

بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ئاماژەشی دابوو، وه‌ڵامه‌كه‌یان تایبه‌ته‌ به‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ غه‌ززه‌، كشانه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل له‌ كه‌رته‌كه‌ و گه‌ره‌نتیی گه‌یشتنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان و ئازادكردنی ده‌ دیلی ئیسرائیلی و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی 18 ته‌رم، به‌رانبه‌ر به‌ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك لە زیندانییه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان، كه‌ حه‌ماس و ئیسرائیل، له‌ سه‌ری ڕێك بكه‌ون.

هه‌ینی، 30ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد و بڵاوی کردبووە، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل ڕادەست بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی ئەمەریکا لەلایەن وڵاتانی نێوەندگیر وەکوو میسر و قەتەر پشتگیریی دەکرێت و ئامادەییان دەربڕیوە، هەر کاتێک حەماس ڕێککەوتنەکەی ئیمزا کرد، دەستبەجێ هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی مانگی سووری نێودەوڵەتیی بگەیەنرێنە دانیشتووانی غەززە.

پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا بە پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بارەی ئاگربەستی غەززە ڕازی نەبووە.