بکوژی ئافرەتەکەی هەولێر دەستگیر کرا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی ڕاگەیاند کە دوێنێ لە هەولێر تەقەی لە ژنەکەی خۆی کرد و کوشتی.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند: ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد کە دوێنێ 31ـی ئایاری 2025، بەچەکی جۆری دەمانچەی بێ مۆڵەت، تەقەی لە هاوسەرەکەی کردووە و لە ئەنجامی ئەوەشدا، کوشتوویەتی.

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە، سەرباری ئەوەی تۆمەتبار لەگەڵ هاوسەرەکەی لە دادگا و بەڕێگەی یاسایی لە یەکتر جیا بوونەتەوە کە ماوەی تەنها ساڵێکە هاوسەرگیرییان کردووە، لەیەکێ لەکۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوونی هەولێر هاوسەرەکەی دەبینێتەوە، تەقەی لێ کردووە.

چەند خولەکێک لە دوای تاوانەکەی، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکەیان بەناوی (م ، خ ، ش) دەستگیر کرد.