وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا: شارۆچکەیەکی نوێمان لە پارێزگای سوومی کۆنترۆڵ کردووە
وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند هێزەکانیان شارۆچکەیەکی نوێیان لە پارێزگای سوومیی ئۆکرانیا، کۆنترۆڵ کردووە.
وەزارەتەکە ڕوونیشی کردووەتەوە، هێزەکانی باکوور شارۆچکەی ئەلێکسیڤکای سەر بە پارێزگای سوومییان کۆنترۆڵ کردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێردا زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی ئۆکرانیا لەو ناوچەیەدا گەیاندووە و 200 سەربازیان کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، لە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی خۆیدا ئاشکرای کرد، کۆی زیانەکانی ڕۆژانەی سوپای ئۆکرانیا لە بەرە جیاوازەکاندا لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتووەتە کوژرانی نزیکەی هەزار و 440 سەرباز.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، زیانەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛
نزیکەی 210 سەرباز لە ناوچەی ڕۆژئاوا لە خارکیڤ و دۆنێتسک، کوژراون.
زیاتر لە 280 سەرباز لە ناوچەی باشووری دۆنێتسک، کوژراون.
زیاتر لە 280 سەرباز لە ناوچەی ناوەندی لە دۆنێتسک، کوژراون.
نزیکەی 155 سەرباز لە ناوچەی بەرپرسیارێتی هێزەکانی "ڕۆژهەڵات" لە دۆنێتسک و زاپۆریژژیا، کوژراون
لە ناوچەی بەرپرسیارێتی هێزەکانی دنیپەر لە زاپۆریژژیا و خێرسۆن، 80 سەرباز کوژران.
هەروەها حەوت بۆمبی ئاسمانی ڕێنمایی JDAM و 100 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەناوبران.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو "هێزەکانی ڕووسیا، لە هەڵمەتێکی تایبەتدا شارۆچکەی زێلۆنۆی جەمسەری ناوچەی دۆنباسیان کۆنترۆڵ کردووە."
درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕووسیا ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی بووەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 40 چەند فڕۆکەی جەنگیی ڕووسی تێک شکێنران.