کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی: ئەوەی عێراق بەرانبەر کوردستان دەیکات، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانە

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەبارەی بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەو کارەی عێراق دەیکات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

‏‎‏‏‎کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە بەیاننامەیەکدا، هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان،سەرکۆنە و ڕەت کردەوە، دووپاتیشی کردەوە، بەرگریی لە مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت: ئەو کارەی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان دەیکات، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.

لەبەیاننامەکەدا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان چەند داواکارییەکی ئاراستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراقیی کرد، لەوانەش داوای  کردووە، حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنە داراییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای بودجە بێت، داواشی  لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەڵوێست بەرانبەر سیاسەتی برسیکردنی کوردستانییان وەربگرن.
‏‎کۆنفیدراسیۆن داوای لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان، میدکاران، کەسانی ئەکادیمی و ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن بەرانبەر پێشلکارییە ڕوونەکانی حکوومەتی عێراق بەرانبەر خەڵکی کوردستان.
‏‎هاوکات پەیامەکەی ئاڕاستەی  باڵیۆزخانەی وڵاتانی جیهان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لێکردوون، هەڵوێستی جدی بەرانبەر پێشلکارییە دەستوورییەکانی عێراق پیشان بدەن.

ئەم بەیاننامەیەی کۆنفیدراسیۆنی کوردستانی لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لـە ڕاگەیەندراوێکدا ئــەوەی خستبووە ڕوو "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسیکردنی قووتی خەڵکە."

هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment