ڕافایل گرۆسی: دەمانەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران چارە بکەین
دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، هیچ شتێکمان نییە لەو بارەیەوە بیشارینەوە؛ سەرۆکی ئاژانسەکەش گوتی، پێویستمان بە ڕوونکردنەوە و شەفافیەتی زیاتر هەیە.
دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی دواین ڕاپۆرتەکانی ئاژانسەکە لە قاهیرە کۆبوونەوە.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەبارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە ڕایگەیاند، ئەو بابەتە پێویستی بە شەفافیەتی زیاتر هەیە، ئێران دەبێت ڕوونکردنەوەیەکی تەواو لە بارەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات.
هەروەها ئاماژەشی دا، دەیانەوێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەو کێشەیە چارە بکەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی پەیامێکی بۆ ئەمەریکا نارد و گوتی: ئەگەر واشنتن مەبەستیانە ئێران لە بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بێ بەش بکەن، ئەوە لە ئێستاوە ئاگاداریان دەکەمەوە هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.
جەختیشی کردەوە، ئێران هیچ شتێکی نییە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بشارێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕوونیشی کردەوە، ئێران خاوەنی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمییە، ئامادەشین هەموو لایەک لەوە دڵنییا بکەینەوە.
لەبارەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی باسی لەوە کرد، هەندێک وڵات هەوڵدەدەن ئەو ئاژانسە لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن، هیوادارم ئاژانسەکە نەکەوێتە ئەو تەڵەوە.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووە، ڕاپۆرتێکیان لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە دەست گەیشتووە کە بۆ ئەندامانی خۆی ناردووە و تێیدا هاتووە "ئێران بە نهێنی لە سێ بنکەی ئەتۆمی دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە."
لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا هاتووە "ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووتە %60، بەم ئاستە، تاران دەتوانێت نۆ بۆمبای ئەتۆمی دروست بکات.