ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن
دووشەممە 2ـی حوزیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانووستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا کۆتایی هات، بە گوێرەی بەرپرسانی هەر دوو شاندەکە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی دانوستانی وڵاتەکەی و ڕووسیا ڕایگەیاند، شاندی وڵاتەکەی لە ڕێگەی تورکیاوە دۆسیهكانیان لەگەڵ شاندی ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کردووە، ئامادەکارییش بۆ قۆناغێکی دیکەی ئازادکردنی دیلەکان دەکەین.
ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا لەبارەی مەبەستی وڵاتەکەی لە بەشداریکردنی لە دانوستان لەگەڵ ڕووسیا ڕایگەیاند، خاڵی یەکەم سەرنجمان لەسەر ئاگربهستە، خاڵی دووەم ئازادکردنی زیندانییەکانە، خاڵی سێیەم کۆبوونەوەی سهرۆكهكانه.
وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا گوتیشی: لەگەڵ ڕووسیا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی شەش هەزار تەرم و ئازادکردنی ئەو دیلانەی کە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە یان برینی سەختیان هەیە ڕێککەوتن.
داواشی کرد لە کۆتایی ئەم مانگە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا بەڕێوەبچن و گوتیشی، پێویستە شاندەکانی هەردوولا بەوە ڕازی بن کە لە گەڕی داهاتوودا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و ڤلادیمێر پوتن بەشدار بن.
ڕۆستەم ئومێرۆڤ باسی لەوەش کرد: "لەلایەن شاندی ڕووسیاوە، ڕەشنووسێکمان بۆ ئاگربەستی جەنگ بەدەست گەیشتووە و لە ماوەی هەفتەیەک هەڵسەنگاندی بۆ دەکەین و وەڵام دەدەینەوە."
جەختیشی کردەوە، ئەگەر ڕووسیا بە ئاگربەستەکە ڕازی بێت، چیتر هێرش ناکاتە سەر ئەو وڵاتە.
هاوکات هەر لەبارەی دانوستانەکە، سێرگی کیسلیتسیا، سەرۆکی شاندی دانوستانکار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای گفتوگۆکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا داوای ئاگربەستێکی تەواو بێمەرجمان کرد.
گوتیشی: ڕووسیا بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئاگربەستی بێ مەرج.

ڕووسیا: بە ئەنجامەکانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان دڵخۆشین
ڤلادیمێر مێدێنسکی، سەرۆکی شاندی ڕووسیا، لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای سەقامگیری و ئاشتی دوو ڕەشنووسیان پێشکەشی ئۆکرانیا کردووه، کە ڕەشنووسی دووەم پێشنیازیی چەند ڕێگایەکە بۆ ئەگربەستی نێوانمان دەکات.
دووپاتیشی کردهوە: "هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئۆکرانیا شەش هەزار تەرم ئاڵوگۆر دەکەین. هاوکات لەسەر ئازادکردنی هەزار بۆ هەزار و 200 لەو دیلانەی برینی سەختیان هەیە یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە ڕێککەوتین."
ڤلادیمێر مێدێنسکی باسیشی لەوە کرد، ڕووسیا پێشنیازیی ئاگربەستێکی کۆنکرێتی بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژ پێشکەشی ئۆکرانیا کرد، بەڵێنشیان داوە کار لەسەر پێشنیازیی ئاگربەستەکە بکەن بۆ چەند ناوچەیەک.
سەرۆکی شاندی ڕووسیا ڕوونیشی کردەوە، هیچ منداڵێکیان نەڕفاندووە، تەنیا چەند منداڵێک لەلایەن سەربازەکانیانەوە پاڕێزگارییان لێ کراوە، هەر كات دایک و باوکی ئەو منداڵانە دۆزرانەوە، ئەوە ڕادەست دەکرێنەوە.
گوتیشی: بە ئەنجامەکانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا دلخۆشین.
ئەردۆغان: دانوستانەکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا نایاب بوو
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا گوتی: نایاب بوو.
هیواشی خواست لە گەڕی داهاتوودا، کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە تورکیا بەڕێوە بچێت. گوتیشی بۆ ئەمه پرسیه، هەنگاوی جددین دەنێن.
ئونجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەی شاندی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبۆڵ بە ئەرێنی کۆتایی هات.
گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا
هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خەیاند.
دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.
قۆناغی ئەڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕۆژی هەینی 23ـی ئایاری 2025 دەستی پێ کرد، کە پێکهاتبوو لە ئەڵوگۆڕکردنی 1000 دیل. کە لە نێوانیان دا جگە لە سەربازەکان، 120 هاووڵاتی مەدەنی هەبوو.
هەڵوێستی ئۆکرانیا لەبارەی دانوستانەکان
ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: ڕاگەیاندنی ئاگربەست بۆ وەستاندنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە دانوستانەکاندا تاوتوێ کرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ شاندی ڕووسیا باسمان لە ئەگەری پەیوەندیی نێوان زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کرد.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی ئۆکرانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، شاندەکەی ڕووسیا داواکاریی قبووڵنەکراویان خستەڕوو کە لەوە زیاتر بووە کە پێش دانوستانەکە باسی لێوەکرابوو، لە نێویاندا ڕادەستکردنی خاکی زیاتری ئۆکرانیا بە ڕووسیا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی نێوان شاندی هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گوتی: ئەگەری هەیە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەنێوان هەردوو وڵات، بەڕێوە بچێت، بەڵام هێشتا کاتەکەی دیاریی نەکراوە.
هەڵوێستی ڕووسیا لەبارەی دانوستانەکان
شاندی ڕووسیا لە ئیستانبوڵ، ڕایگەیاند: لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئۆکرانیا بەردەوام دەبین. گوتیشی: لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئەمڕۆ ڕازین.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دانوستانەکانی ئیستانبوڵ بە بەڵگەنامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا بەدوور نازانن.
هەروەها ئاژانسی تاس لە زاری بەررپسێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، ئەگەری دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ ئۆکرانیا هەیە، بەڵام پێویستە سەرەتا کیێڤ هەنگاو بەرەو ئاشتی بهاوژێت و لەسەر ئەو ڕێچکەیەش بەردەوام بێت.
