باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق: پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ڕایگەیاند: ژمارەیەکی زۆر کورد لە کەنەدا دەژین و ڕۆژانەش ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
کریستۆفەر بۆوم باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەنتەری ڤیزای کەندا لە هەولێر ھەیە و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سەردانی ڤی ئێف ئێس بکەن یان لەرێگەی ئۆنڵاینەوە دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزای کەنەدا پێشكهش بکەن.
کریستۆفەر بۆوم گوتی: تەواوی پرۆسەکە لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت، تەنیا بۆ مۆرکردنی پاسپۆرتەکان دەبێت لە عەممان مۆر بکرێن، بەڵام دەکرێت و رۆژانە خەڵکی ڤیزا وەردەگرن بەبێ هیچ کێشەیەک. سەڕەرای ئەمەش دەزانم پرۆسەکە ئاسان نیە و ھەندێک زەحمەتە، بەڵام ڤیزا دەدرێتە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.
باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ئاماژەی بەوەدەکات، ژمارەیەکی زۆر کورد لە کەنەدا دەژین، ژمارەیان وەک کوردانی ئەوروپا نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر کورد لە کەنەدا دەژین.