عێراق چەندان گرێبەست بە بەهای دەیان ملیار دۆلار پێشکەشی ئێران دەکات

ئاڵای عێراق (ڕاست) و ئاڵای ئێران (چەپ)
ئاڵای عێراق (ڕاست) و ئاڵای ئێران (چەپ)

عێراق پێشنیازی چەندان گرێبەست بە بەهای 70 ملیار دۆلار لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەخاتە بەردەم کۆمپانیا ئێرانییەکان. 

ناسر عەبدولحسێن، باڵیۆزی عێراق لە تــاران ڕایگەیاند، پێشنیازی چەندان گرێبەست پێشکەش بە کۆمپانیاکانی بواری وزەی ئێرانی  کراون بە مەبەستی وەبەرهێنان لە بواری وزەی نوێبووەوە، نەوت و گاز . 

باڵیۆزی عێراق لە تــاران، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرێبەستانەی پێشکەش کۆمپانیاکانی ئێران کراون، بــە بەهای 70 ملیار دۆلارن و ئاسانکاری تەواوەتی بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان دەکرێت.

ئەو گرێبەستانەی پێشکەش بە کۆمپانیا ئێرانییەکان کراون:

27 گرێبەستی وزەی نوێبووەوە.

دوو پرۆژەی سەرەکی بۆ 14 پارێزگا.

22 گرێبەست لە بواری وەبەرهێنان.

9 گرێبەست لە ناوچەی بازرگانی ئازاد.

10 گرێبەست لە بواری کشتوکاڵ.

10 گرێبەست لە بواری چاودێریی کۆمەڵایەتی.

25 گرێبەستی تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون. 

سەرەڕای هەموو ئەو هۆشدارییانەی ئەمەریکا بە عێراق بۆ دوورکەوتنەوە لە ژێرخانی وزەی پشتبەستراو بە ئێران، بەڵام بەغدا قەبارەی گرێبەستەکان زیاتر دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی لیجنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەی بازرگانیی ئێران، وڵاتەکە لەگەڵ 15 دەوڵەتدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و ساڵی ڕابردوو، بڕی ئاڵوگۆڕییەکە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار بووە.

عێراق لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە و لە دوای ئەو، تورکیا و ئیمارات و پاکستان و ئەفغانستان دێن.