ئەمەریکا: هێزەکانمان لە سووریا کەم کردووتەوە
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی بە کەمکردنەوەی هێزەکانیان لە سووریا کردووە. گوتیشی: ژمارەی بنکەکانمان لەو وڵاتە بۆ سێ بنکە کەم کردووەتەوە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "ژمارەی بنکەی هێزەکانیان لە سووریا لە هەشت بنکە کەم کردووتەوە بۆ پێنج و دواتر بۆ سێ بنکە." گوتیشی: مەبەستمانە بۆ یەک بنکە کەمی بکەینەوە.
هەروەها ئاماژەشی دا، ئەمەریکا لە پشتیوانیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوام دەبێت، چونکە هەسەدە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا. هاوکات گرنگیشیە هەسەدە ببێتە بەشێک لە حکوومەتی نوێی سووریا.
جەختیشی کردەوە، تەنانەت سووریای نوێ، سەرەڕای گۆڕانکارییەکان هەر لە بەردەم مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆدایە. بۆیە، داوا دەکات هەموو پێکهاتە جیاوازەکان و گرووپە ئیسلامییەکان یەک بگرن و حکوومەتێکی گشتگیر پێک بهێنن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە مانگی نیسانی ڕایگەیاندبوو، لە چەند مانگی داهاتوو ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا بۆ کەمتر لە هەزار سەرباز کەم دەکەنەوە، ئەم بڕیارەشی بۆ کەمبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لە وڵاتە گەڕاندووتەوە.