بازاڕی کاغەزە داراییەکانی دیمەشق کرایەوە

بازاڕی کاغەزە داراییەکانی دیمەشق کرایەوە. چاودێران جەخت دەکەنەوە، کردنەوەی بازاڕەکە دەرفەتێکی باش بۆ ئابووری وڵاتەکە دەڕەخسێنێت بە مەبەستی بەهێزکردنی کەرتی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.

لەوبارەوە محەمەد ئالاتاسی، بەرپرسی پلاندانان لە وەزارەتی دارایی سووریا ڕایگەیاند "بازاڕی پشكەكان پێشكەوتوو بێت یان نا، گرنگیی تایبەتی هەیە، ئەو بازاڕەی ئێمە، دوای 14 ساڵ ئازاد دەبێت و هەوڵمان بۆ چاكسازی دارایی داوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا هەست بە كاریگەرییە ئەرێییەكانی كرانەوەی ئەو بازاڕە دەكەین".

محەمەد یەسر برنیە، وەزیری دارایی سووریاش گوتی: ئەو بازاڕە، كۆمەڵێك پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعوودی دەهێنێتە سووریا و لە ناوەڕاستی مانگدا وۆركشپۆكێك بۆ بازاری پشكەكان هەیە. چاوەڕوان دەكەین وەبەرهێنانی گەورەی سعوودی هەبێت، ئێمەش ئەوەمان دەوێت، چونکە نامەوێت وڵاتێک بین تەنها هاوكاریی بكرێین، بەڵكوو دەمانەوێت وڵاتی وەبەرهێنان بین. ئەوانەی دەیانەوێت هاوكاریمان بكەن با وەبەرهێنان بكەن و ئێمەش هاوكار دەبین.

ئامانج لە كردنەوەی بازاڕەكە بۆ چالاكیی  ئابووری و جووڵەی پشكە داراییەكانە، ئامادەكاریش بۆ پەرەپێدانی كەرتی دارایی دەكات. بازاڕەكە پاكتاوكردن و یەكلاكردنەوەی ئەلیكترۆنی و باشتركردنی خزمەتگوزاری و فراوانكردنی وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت.

شێخ نەعیمی، وەبەرهێنەری سعوودی ئاماژەی بەوە دا "پاڵپشتی لەو هەنگاوە دەكەین كە براكانمان لە سووریا ناویانە و هەر پرۆژەیەك ببێتە هۆی خێر بۆ سووریا، كاری لەسەر دەكەین. من پرۆژەی هۆتێل، خواردنگە و شاری گەشتیاریم هەیە. هەر كەرتێكی دیكە لە سووریا پێویست بێت، بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری سووری كاری لەسەر دەكەین. كردنەوەی ئەو بازاڕەش واتا وەبەرهێنان لە سووریا لەسەر بنەمای پشک پشكێنە نییە و هەموو كەس ئازادە جا سووری بێت یان بیانی، ئەمەش لە هیچ وڵاتێك نییە و هەنگاوێكی زۆر گرنگە."

بازاڕی دیمەشق بۆ کاغەزە داراییەكان، لە هەفتەیەكدا سێ ڕۆژ كار دەكات و ڕۆژانە دوو كاتژمێر ئاڵوگۆڕی تێدا دەكرێت بە ئامانجی ڕێكخستن و سەقامگیری و سەربەخۆیی داراییە. كردنەوەی بازاڕی دیمەشق بۆ پشكەكان وەبەرهێنان باشتر دەكات و چالاكی ئابووریی لە وڵات خێراتر دەكات.