حکوومەتی هۆڵەندا بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پرسی کۆچبەران، هەڵوەشایەوە

حکوومەتی هۆڵەندا بەهۆی ناکۆکیی لەسەر پرسی کۆچبەران، هەڵوەشایەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی تووندڕەو، پارتەکەی لە هاوپەیمانیی حکوومەت کشاندەوە.

سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، خێرت ویڵدەرس، سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی تووندڕەوی پارتی بۆ ئازادی (PVV) ڕایگەیاند، پارتەکەی، لە هاوپەیمانیی حکوومەتی هۆڵەندا دەکشێتەوە، کە هاوپەیمانییەکەیان لەگەڵ سێ پارتی دیکەی ڕاستڕەو پێک هێنابوو.

سەرۆکی پارتی ڕاستڕەوی تووندڕەوی پارتی بۆ ئازادی ڕوونیشی کردووەتەوە، هاوپەیمانەکە ئامادەنەبووە پشتگیریی بیرۆکەکانی بۆ چارە کردنی پرسی پەنابەران بکات.

هەروەها گوتیشی: دیک سخۆف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندام ئاگادار کردووەتەوە، کە هەموو وەزیرانی پارتی PVV لە حکوومەتی دەکشێنێتەوە.

خیرت ویڵدەرس، لەوبارەیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "پلانەکانمان لەبارەی پەنابەران ئیمزا نەکرا، بۆیە پارتی PVV لە هاوپەیمانییەکە دەکشێتەوە."

 ئاژانسە میداییەکان جیهان بڵاویان کردووەتەوە، پاش کشانەوەی پارتەکەی خێرت ویڵدەرس، حکوومەتی هۆڵەندا دەبیت لە چەند مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.

هاوپەیمانییەکە پێک هاتووە لە پارتی ئازادی (PVV)، ئەم پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوە بە سەرۆکایەتی خێرت ویڵدەرس، 37 کورسی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023دا بەدەست هێنا و بووە گەورەترین پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا. هاوکات ئەم پارتە بە دژە ئیسلام و کۆچبەر ناسراوە. 

پارتی دووەمی هاوپەیمانییەکە، پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسیە (vvd) پارتێکی ڕاستڕەوی ناوەڕاستی لیبراڵ-کۆنەپەرستە، پێشتر مارک ڕوتە، سەرۆک وەزیرانی پێشووی هۆڵەندا سەرۆکایەتیی دەکرد، کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو 24 کورسی بەدەست هێنا.

گرێبەستی کۆمەڵایەتی نوێ (NSC) کە سێیەمین پارتی هاوپەیمانەکەیە و بە پارتێکی چاکسازیخوازی ناوەندیی ناسراوە کە لەلایەن پیتەر ئۆمتزیگتەوە دامەزراوە و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێستای هۆڵەندا خاوەنی 20 کورسییە. 

هاوکات بزووتنەوەی جووتیار-هاوڵاتی (BBB)– پارتێکی پۆپۆلیستی کشتوکاڵییە لە هەڵبژاردنی 2023دا 7 کورسیی مسۆگەر کردبوو.

ئەم پارتانە پێکەوە لە کۆی 150 کورسیی پەرلەمانی هۆڵەندا بە 88 کورسی، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوە بوو. هاوپەیمانێتییەکە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024 پێک هێنرا.