کرێملن: ئێران تەنیا بە چاودێریی نەتەوەیەکگرتووەکان مافی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی هەیە
کرێملن کۆبوونەوەی بەم نزیکانەی سێقۆڵی ڕەت دەکاتەوە
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیریی لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەکات، گوتیشی: تاران مافی خۆیەتی بەرنامەی ئاشییانەی ئەتۆمی هەبێت، بەڵام دەبێت نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێریی پرۆسەکە بکات.
سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لەبارەی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕایگەیاند، ئێران مافی خۆیەتی خاوەنی بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی بێت، بەڵام دەبێت لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بێت.
گوتیشی: باوەڕمان وایە، کە ئێران دەبێت پارێزگاری لەو مافەی بکات.
پیسکۆڤ، دووپاتیشی کردەوە، وڵاتەکەی پشتگیریی لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا دەکات.
هاوکات لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا ئاماژەی دا "لەو بڕوایەدا نییە کۆبوونەوەکە بەم نزیکانە بکرێت." جەختیشی کردەوە، ئەو کۆبوونەوەیە تەنیا لە دوای گەیشتنە ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەڕێوە دەچێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیبووی "بە پێی ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەی کە هەیە، ڕێگە بە هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم نادەین."
دوێنێ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە قاهیرە گوتی: وڵاتەکەی خاوەنی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمییە، هیچمان نییە لەو بارەیەوە بیشارینیەوە.
دووشەممە 2ـی ئایاری 2025، کارۆلاین لێڤێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی لەبارەی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان سەرۆکەکانی ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو "دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات، بەڵام بەو مەرجەی هەردوو سهرۆكهكه بۆ گفتوگۆ و سازش ئامادە بن."