مه‌سرور بارزانی له‌ دۆخی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كۆڵێته‌وه

ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان ، دەچێتە خانەی تاوان

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/8/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت ، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات . هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان  و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان،  بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت.

دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.

Fly Erbil Advertisment