ناتۆ توانا سەربازییەکانی زیاد دەکات

ناتۆ پلانی هەیە توانا سەربازییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، بۆ ڕێگری و بەرگریی لە بەرامبەر هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕووسیا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان، ئامانجە نوێیەکان بریتین لە؛ زیادکردنی کۆگای مووشەکی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تۆپخانە. 

بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕێنمایی وەربگرن وەک بەشێک لە پلانی بەرگریی خۆیان.

بڕیارە ئەم ئامانجانە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ سبەی پێنجشەممە لە برۆکسل بە شێوەیەکی فەرمی پەسەند بکرێن.

گەیشتن بەم ئامانجە نوێیانە دەبێتە ئالنگاری، چونکە بەرپرسانی باڵای سەربازی دەڵێن؛ وڵاتانی ئەندام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە نزیکە لەسەدا 30، بەڵام پێویستە بگاتە زیاتر لەو ڕێژەیە.

ئامانجە وردە نیشتمانییەکان تا ئێستا بە نهێنی ماوەتەوە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت، هەندێک وردەکاری دوای کۆبوونەوەی سبەی پێنجشەممە ئاشکرا بکرێن.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئەڵمانیا مەزەندە دەکەن، سوپای ئەڵمانیا کە بە بوندسڤێر ناسراوە، پێویستی بە زیادکردنی هێزی خۆی بە دەیان هەزار سەربازە، بە بەراورد بە قەبارەی ئێستای کە نزیکەی 182 هەزار سەربازە. هەروەها پێشبینی دەکرێت وەبەرهێنانی گەورە لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیدا بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment