حووسیەکان: هێرشێکی سەرکەوتوومان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، هێرشێکی سەرکەوتوویان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و توانییان ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەن
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، بە مووشەکی هایپەرسۆنیک هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەئلەڤیڤ.
گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن گوتیشی: هێرشەکە بە سەرکەوتووی ئامانجەکەی پێکا، بۆ دووەم ڕۆژ لە سەر یەک توانیمان ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بکەین، هاوکات هەموو گەشتەکانی فڕۆکەخانەکەش ڕاگیران.
هەروەها ئاماژەشی دا، تاوەکوو ئابڵۆقەکانی سەر غەززە بەردەوام بن، ئەوانیش لە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن، بەڵێنیشی دا هێرشەکانیان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی فشار لە ئیسرائیل بکەن گەمارۆیەکەیان لەسەر ئەو کەرتە هەڵگرن.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکێکیان خستووتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو.
هاوکات وەزارەتی بەرگری هیچ ڕوونکردنەوەیکی دیکەی لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.