غازی وهحید: کوڕەکەم بە خواستی خۆی چووەتە تورکیا و کەس تاوانبار نییە
لە رێگەی کوردستان24 روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
K24 - دهۆک
باوکی ئەو گەنجەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە رادەستی تورکیا کراوە، لە رێگەی کوردستان24 روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێ "کوڕەکەم بە خواستی خۆی چووە و نە حکومەت و نە هیچ کەس تاوانبارە".
موسا غازی وهحید، گەنجێکی شیلادزێیە و دوای ئەوەی چووەتە تورکیا، دەستگیرکراوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە رادەستی تورکیا کراوە، بەڵام باوکی هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
غازی وهحید دەڵێ "ئەو کوڕەم چەند جارێک بەمنی گوت حەزدەکەم بچمە تورکیا، لەسەر حەز و بە ئازادیی خۆی چوو و تاوانی هیچ کەسی تێدا نییە".
هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی "من، هیچ گازەندەیەکم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە کوڕەکەم بەدڵی خۆی و لەسەر بەرپرسیارییەتی خۆی چووە".
لەبارەی ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بڵاوکراونەتەوە، غازی وەحید دەڵێ "بە کەسم نەگوتووە هیچی لەسەر بڵاوبکەنەوە و ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە کەسەوە نییە. من رۆژانە بە کوڕەکەمم دەگوت مەڕۆ، بەڵام هەمیشە دەیگوت هەر دەچم، گوناحی حکومەت و هیچ کەسێکی تێدا نییە".
هـ.ر.