ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا زیاتر لە دوو هەزار و 500 منداڵ بوونەتە قوربانی
وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکوو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا دوو هەزار و 602 منداڵ بوونەتە قوربانی. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکارییان بن لە پاراستنی منداڵەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی2025، ڕۆستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانی قوربانی جەنگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: ئەمڕۆ یەکێكە لە سەخترین ڕۆژەکانی ئۆکرانیا، یادی هەموو ئەو منداڵانە بەرز ڕادەگرین کە لەلایەن ڕووسیاوە کوژراون و دەرفەتیان پێ نەدراوە گەورەبن و بژین و بە خەونەکانیان بگەن.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی داواکاری گشتیی ئۆکرانیا، لە سەرەتایی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە لە 24ـی شوباتی 2022، تاوەکوو ئەمڕۆ بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیا 631 منداڵ کوژراون و هەزار و 971 منداڵی دیکەش بریندار بوونە.
وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە، ئەم تاوانە بەهیچ شێوەیەک پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە و هەموو ئەو کەسانەی بەشدارییان لە کوشتنی ئەو منداڵانە کردووە، دەبێت بەرپرسیاریەتی ئەو تاوانە هەڵبگرن.
گوتیشی: پاراستنی ژیانی منداڵان ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بۆیە داوا لە وڵاتان دەکەم لە پاراستنی منداڵان هاوکاریمان بکەن، هاوکات ستایشی ئەو وڵاتانەشی کرد کە هاوکاری ئۆکرانیایان کردووە.
ڕۆستەم عومەرۆڤ جەختیشی کردەوە، بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری، گەڕاندنەوەی منداڵە ڕفێندراوەکان لەلایەن ڕووسیا و پرۆسەی ئاشتی، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن.
پێشتر ڤلادیمێر مێدێنسکی، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ڕووسیا دوای دانوستانەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا لە تورکیا ڕایگەیاندبوو، هیچ منداڵێکیان نەڕفاندووە، تەنیا چەند منداڵێک لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا لەلایەن سەربازەکانیانەوە پاڕێزگارییان لێ کراوە، هەر كات دایک و باوکی ئەو منداڵانە دۆزرانەوە، ئەوە ڕادەستیان دەکەنەوە.