ترەمپ گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمەریکا قەدەغە کرد

کۆشکی سپی ڕایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرمانێکی ئیمزا کرد کە گەشتی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمەریکا قەدەغە کرد."
سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، قەدەغەکردنەکە هاووڵاتییانی ئەفغانستان، بۆرما، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیا، ئێریتریا، هایتی، ئێران، لیبیا، سۆماڵ، سوودان، و یەمەن دەگرێتەوە، ئەمەش جگە لە حەوت وڵاتی دیکە سەفەرکردنی بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکای سنووردار کردووە، لە پێناو پاراستنی ژیانیان.
کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە، بەیاننامەکە هاتنە ناوەوەی خەڵکی حەوت وڵاتی دیکەیە لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە بورۆندی، کوبا، لائۆس، سیرالیۆن، تۆگۆ، تورکمانستان و ڤەنزوێلا.
ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاندووە "هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی شاری بۆڵدەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ، تیشکی خستە سەر مەترسییە گەورەکانی وڵاتەکەمان، لە هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی بیانی بەبێ پشکنینی دروست".
ئەم فەرمانە لە 9ـی حوزەیرانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ترەمپ ڤیزای بۆ خوێندکارانی بیانی لە زانکۆی هارڤارد قەدەغە کرد.
ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، گەشتکردنی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی موسڵمان قەدەغە کرد کە بچنە ئەمەریکا. بەڵام لەگەڵ دەسەڵات وەرگرتنی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 قەدەغەکردنەکە هەڵوەشایەوە و بە "پەڵە لەسەر ویژدانی نیشتمانی" ناوی برد.
لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ترەمپ فەرمانی جێبەجێکاری دەرکرد، تاکوو پشکنینی ئەمنیی زیاتر بکرێت بۆ هەر هاووڵاتییەکی بیانی کە دەیەوێت بچێتە ئەمەریکاوە لە پێناو ئاسایشی نیشتمانی.