ئەمەریکا: لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سووریا بەردەوام دەبین
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێستا هاوبەشەکانمان لە سووریا لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش کارامەتر بوونە، هەروەها لە ڕۆڵە گرنگەکەیان بۆ پاراستنی سووریا لە داعش بەردەوام دەبن.
ماڵپەڕی عەرەبیە لەسەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای بڵاوی کردووەتەوە، یەکخستنەوەی هێزەکان لە سووریا هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ لاوازکردنی پێگە و کاریگەریی داعش لە ناوچەکە و جیهان، ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر شانە نووستووەکانی داعش بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە جەختیشی کردووەتەوە، هێشتا هەڕەشەی داعش لە ناوچەکەدا ماوە، بەڵام هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوە و گەڕانەوەی ئەو گرووپە دەدەن. گوتیشی: دوای 10 ساڵ لە کارکردن بەیەکەوە، ئێستا هاوبەشەکانمان لە سووریا بەهێزتر و کارامەتەر بوونە لە ڕووبەرووبوونەوەی داعش، هاوکات لە ڕۆڵەکەیان بۆ پاراستنی سووریا لە داعش و قاعیدە بەردەوام دەبن .
هەروەها ئاماژەشی داوە، تاوەکوو ئێستا لە ڕۆڵی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ڕازین و کارە ڕاستەکە دەکات، باسی لەوەش کردووە، هەوڵەکانی سووریا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ لەناوبردنی داعش بەرز دەنرخێنین، بەڵام لە چاودێری کردنی حکوومەتی نوێی سووریا بەردەوام دەبین.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، بەرپرسانی ئەمەریکا بە پێگەی هەواڵی عەرەبیەیان ڕاگەیاندووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەلایەنی کەم 500 سەربازیان لە سووریا کشاندووەتەوە و ژمارەیەک بنکەی سەربازییشیان داخستووە و ڕادەستی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووەتەوە.
پێشتر، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا کە هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو "ژمارەی بنکەی هێزەکانیان لە سووریا لە هەشت بنکە کەم کردووتەوە بۆ پێنج بنکە و دواتر بۆ سێ بنکە." گوتیشی: مەبەستمانە بۆ یەک بنکە کەمی بکەینەوە.