تەرمی دوو بارمتەی ئیسرائیلی لەکەرتی غەززە گەڕێندرانەوە
سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تەرمی دوو بارمتەی خۆیان لە غەززە گەڕاندەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی: لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بە هاوبەشی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و دەزگای ئاسایسی ناوخۆ، تەرمی دوو بارمتەی خۆیان بە ناوەکانی (جودیس واینشتاین و گاد هاگای) گەڕاندەوە ئیسرائیل کە لەلایەن حەماسەوە کوژرابوون.
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، جودیس واینشتاین و گاد هاگای هاوسەری یەکترن و تەمەنیان 70 و 72 ساڵە، لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کوژراون. ڕاشیگەیاندووە، هێشتا 56 بارمتەی دیکە لە غەززە ماون، کە پێشبینی دەکرێت نیوەیان زیندووبن.
ههینی، 30ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد و بڵاوی کردبووەوە، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیلیش ڕادەست بکاتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.