شرۆڤەکارێکی سیاسی: نابێت كێشە سیاسییەكان ببنە هۆی بڕینی مووچە
شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاند، بەشێک لە لایەنەکان لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا، دەیانەوێت جۆرێک لە گرژی لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، عەبدوڵلا کینانی، شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێویستە پەنا بۆ دەستوور ببەین، دەستوور باس لە چی دەکات، دەستوور چی دەڵێت؟ دەستوور دەڵێت: یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بکەین، ئیستا کە ڕێککەوتنێکی نەوت لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان ئیمزا کراوە، حکوومەتی عێراق دەبێت قبووڵی بکات. بابەتەکان وەک پەڕێکی سپی ئاشکران، نابێت دژایەتی هاووڵاتییانی کورد بکەین."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: ڕەنگە ئەو پەیوەندییانەی هەیە لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵ حکوومەت خراپ بێت، بەڵام نابێت ئەمە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان و مووچەیان ببڕدرێت، چونکە ئەوانیش وەک هەر هاووڵاتییەکی بەغدا، میسان، کەرکووکە و ڕومادیین. نابێت وا بکرێت ئەم هاووڵاتییانە خۆشەویستییان بۆ وڵاتەکەیان نەمێنێت و دوور بکەنەوە لە وڵاتەکەیان.
دەشڵێت: عێراق وڵاتێکە هەموو نەتەوەیەکی تێدایە، لە کورد، سووننە، شیعە و سائیبە، نامەوێت هەموو ئەمانە باس بکەم، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە؛ نابێت مووچەی هاووڵاتییان لە پێناو بەرژەوەندیی سیاسیی ببڕدرێت، دەکرێت گفتوگۆ و لێکگەیتشنمان هەبێت. نەوت هەناردە بکرێت، هەموو ئەمانە ئەگەری هەیە لە ڕووی سیاسییەوە چارە بکرێت، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان هەیە دەیانەوێت جۆرێک لە گرژی هەبێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی.
عەبدوڵلا کینانی، ڕاشیگەیاند "ئێمە دژی هەموو گرژییەکین لە عێراق، دەبێت ئێمە یەک وڵات بین و سامانە سروشتییەکان بۆ هەموو عێراقییەکان بێت، لە بەغدا تاکوو بەسرا، لە بەسراشەوە تاکوو زاخۆ."