بارزان مەلا خالید كۆچی دوایی كرد
سیاسەتمەدار و بێژەری دێرینی رادیۆی دەنگی كوردستان بوو
K24 – ھەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارزان مەلا خالید، بەھۆی نەخۆشی لە ئەنقەرە كۆچی دوایی كرد. بڕیارە تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان.
بارزان خالید عەزیز، ناسراو بە بارزانی مەلا خالید ساڵی 1945 لە گوندی مورتکەی گەورە لە ناوچەی قوشتەپە سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایکبووە. باوکی مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە، بۆیشە بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی بۆ بارزانی ھەیبووە، ناوی کوڕەکەی خۆی کردووەتە بارزان.
بارزان، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتکە و ناوەندیی لە هەولێر تەواو کردوە، لە دوا قۆناخی خوێندنی دواناوەندیی دا بووە لە بەهاری ساڵی 1966 چووەتە ڕیزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەتالیۆنی دووی سەر بەهێزی سەفین، لقی چواری دەشتی هەولێر، کە فەرماندەکەی عەریف عوسمان یوسف بووە. ساڵی 1967 بۆ ماوەی ساڵێک مامۆستای شۆڕش بووە. لەم بارەیەوە دەڵێت: "لەو كاتەی وتووێژ لە نێوان شۆڕش و حکومەتدا هەبوو لە مانگی نیسانی 1967، عەریف عوسمان یوسف بانگی منی کرد و گوتی: بارزان ئەو هەموو منداڵە لە کۆڵان دەخولێنەوە، بۆچی نایەی کۆیان بکەیەوە و لێرە لە "پیرەر"، بەلایەنی کەمەوە فێری ئەلف و بێیان بکەی و منیش پێداویستییەکانت بۆ دابین دەکەم. خوێندکارێکی تریش هەبوو بە ناوی یاسین قادر کە ساڵی 1978 شەهید بوو. ئێمە منداڵەکانمان کۆکردەوە، ژمارەیان 40 کەس بوو، تا کۆتایی ئەو ساڵە، واتە ساڵی خوێندنی 1966- 1967، لە سەردەمی وتووێژەکاندا، حکومەت خویندنگەیەکی لە "باوەقۆق" دروستکرد، باوەقوق و پیرەر دۆڵێکیان لە نێوان دایە. ئێمە خوێندنگەکەمان بردە باوەقوق و خوێندکارەکانمان تێکەڵکردن و بەیەکەوە وانەمان پێگوتن".
پایزی ساڵی 1968، بارزانی مەلا خالید گواستراوەتەوە بۆ رادیۆ دەنگی کوردستانی عێراق کە بنکەکەی لە ئەشکەوتی "سەردێ" لە نزیک قەسرێ لە ناوچەی باڵەكایەتی بووە. تا واژۆکردنی رێککەوتنی 11ی ئادار لە ڕادیۆ کاری بێژەری کردوە. لەم بارەیەوە دەڵێت: "رادیۆکەمان دوای رێککەوتی 11ی ئادار داخرا و من لە ساڵی 1971وە تا ساڵی 1974 کرام بە کارمەند لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر، لە سەرەتای ساڵی 1974دا سەرلە نوێ سەرکردایەتی پارتی بڕیاریدا رادیۆ دامەزرێتەوە و منیش گەڕامەوە رادیۆ. لەگەڵ یەکەم تەقەی رژێمی عێراق دژی گەلی کورد، رادیۆکەمان دەستی بەکار کردەوە".
دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975 چووەتە ئێران. پاش ماوەیەکی کورت لە 1975/10/20 گەڕاوەتەوە عێراق و گواستویانەتەوە بۆ پارێزگای رومادی و لە فەلوجە نیشتەجێكراون.
بەهاری ساڵی 1979 لە فەلوجەوە گەڕاوەتەوە بۆ ریزەکانی شۆڕش و لە حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا کراوە بە بەرپرسی راگەیاندن. ساڵی 1982 گەڕاوەتەوە نێو پارتی و کراوەتە ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی پارتی و بەرپرسی بەشی کوردی "سۆرانی" ڕادیۆ دەنگی کوردستان و سەرەڕای نووسینی وتار، پەخشان و شیعر، بەرپرسیاریەتی بەشەکانی دەنگوباس و لێدوانی سیاسی لە ئەستۆ بووە. تا ساڵی 1985 لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە خنێرە و ناوچەی هەلەج و شەقڵاوەی سەر بە ناوچەی ورمێ كاری کردووە، ساڵی 1986 گواستراوەتەوە بۆ لقی دووی پارتی و کراوەتە کارگێڕی لق و لە ناوچەی لۆلان و شێخ وەسانان بەرپرسی بەشی راگەیاندنی لقی دوو بووە، وەک خۆی دەڵێت "مانگانە بە تەنیا گۆڤاری سەفینم بڵاودەکردەوە".
لە کۆتایی ساڵی 1988وە تا ساڵی 1990 نوێنەری پارتی بووە لە بەشی راگەیاندنی بەرەی کوردستانیدا و بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەری حیزبەکانی بەشدار لە بەرەی کوردستانیدا، مانگانە رۆژنامەیەکیان بە ناوی "بەرەی کوردستانی" بڵاوکردۆتەوە. لە کانوونی دووەمی ساڵی 1990 سەر لە نوێ گواستراوەتەوە بۆ رادیۆ دەنگی کوردستان و تا راپەڕینی ساڵی 1991 لەوێ كاری کردوە.
لە مانگی ئابی 1991دا کراوەتە ئەندامی کارگێڕی لقی دووی پارتی لە شەقڵاوە و هەر لەو ساڵەدا ئەندامی یەکێتی نوسەرانی کوردستان و لە ساڵانی دواتریش ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان بووە، سەدان وتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
لە هەڵبژاردنی 1992/5/19ی پەرلەمانی کوردستاندا، بۆ ئەندامیەتی پارلەمانی کوردستان هەڵبژێردراوە.
لە 1993/5/8 بووەتە بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستانی.
بەشداری کۆنگرەکانی 8 تا 13ی پارتی کردووە، لە کۆنگرەی 11دا بە ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، لە کۆنگرەی 13وتەبێژی کۆنگرە بووە.
ساڵی 2006، بارزان مەلا خالید تووشی نەخۆشی دڵ بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە، دواتر بۆ پارێزگارییکردن لە تەندروستی خۆی، خانەنشین کراوە.
ڕۆژی 2010/12/15 میدالیای بارزانی وەرگرتووە، لەم بارەیەوە گوتویەتی: "بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵ بووم، هەستم کرد بەڕاستی پێشمەرگە و خەباتکار بوومە و پاداشی رەنج و خەباتی ماوەی ژیانم لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی پێدرا".
رۆژی 16ی ئەم مانگە لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 25/8/2020 لە ئەنقەرە كۆچی دوایی كرد.
لە 13/2/2020 لە میانی بەشداریكردن لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24، باسی لە ئەزموونی خۆی و مێژووی رادیۆی دەنگی كوردستان كرد و گوتی: "جگە لە گواستنەوەی چالاكییەكانی پێشمەرگە، دەمانویست لە رێگەی رادیۆ، ھەم دەنگی میللەتی خۆمان بە دونیا بگەیەنین، ھەمیش فەرھەنگی خۆمان زیندوو بكەینەوە، ئەو فەرھەنگەی كورد دەیەوێت، نەك دوژمنان".


