ئەڵمانیا وەک ئامادەکاریی بۆ شەڕ، پەناگەی ژێر زەمینی دروست دەکات

ئەڵمانیا پلانی بۆ دروستکردنی پەناگەی ژێر زەمینیی نوێ وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕ دروست دەکات، ئەمەش لە ئەگەری هەر هێرشێکی ڕووسیا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا.

ڕالف تێسلەر، سەرۆکی فەرمانگەی فیدراڵی بۆ پاراستنی مەدەنی و هاوکاریی کارەساتەکان و بەرپرسی باڵای حکوومەتی ئەڵمانیا کە بەرپرسیارە لە پاراستنی مەدەنییەکان، گوتی: گەورەترین ئابووری ئەورووپا پێویستە دان بە واقیعی ململانێکاندا بنێت و ئێستا وڵاتەکە ئامادەکاریی تەواوی بۆ شەڕ نییە.

تێسلەر، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی زود دویچە تسایتونگ، گوتی: بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەڵمانیا بڕوامان وا بوو شەڕ سیناریۆیەک نەبووە کە پێویستی بە ئامادەکاری هەبێت، بەڵام ئەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئێمە نیگەرانین لە مەترسییەکانی ڕوودانی شەڕێکی گەورە لە ئەورووپا.

تێسلەر، داوای هەوڵێکی نیشتمانی کرد بۆ دەستنیشانکردنی تونێلەکان، وێستگەکانی میترۆ، شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و ژێرزەمینی باڵەخانە گشتییەکان و گۆڕینیان بۆ پەناگە ، بۆ ئەوەی بە خێرایی شوێن بۆ ملیۆنێک کەس دروست بکرێت."

دەشڵێت: لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵدا نووسینگەکەی پلانێکی گشتگیر دەخاتە ڕوو. هەروەها وڵات لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کات. لەگەڵ ئەوەش دا، دروستکردنی پەناگەی نوێ بەس نییە و دروست کردنی پەناگە ماوەیەکی زۆریان دەوێت و تێچووی زۆری دەبێت.

پێشتر ڕۆژی شەممە، بەرپرسی هاوبەشە سەربازییەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند "سوپای ئەڵمانیا سێ ساڵی ماوە بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی پێویست بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئەگەریی ڕووسیا بۆ سەر خاکی ناتۆ."

ئانێت لێنیگک ئیمدن، سەرۆکی فەرمانگەی فیدراڵی بۆ دابینکردنی سەربازیی بە ڕۆژنامەی تاگێچپیگڵ-ی ڕاگەیاند "پێویستە هەموو شتێکی پێویستمان هەبێت، بۆ ئەوەی تا ساڵی 2028 بە تەواوی ئامادەبین بۆ بەرگریکردن لە وڵات."

لێنیگکی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت ساڵێک پێش ئەوە، هەموو ئامێر و چەکە پێویستییە سەربازییەکانمان هەبێت، چونکە هێشتا سەربازەکانمان دەبێت مەشق و ڕاهێنان بۆ بەکارهێنانیان بکەن. 

فریدریچ مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، چەکدارکردنەوەی سوپای ئەڵمانیای  کردە ئەولەویەتی حکوومەت، هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)و هەوڵی دروستکردنی بەهێزترین سوپای ئاسایی لە ئەورووپادا دەدات.

پێشتر کارستن بریوەر، پشکنەری گشتیی سوپای ئەڵمانیا، ڕایگەیاندبوو "ڕووسیا دەتوانێت هەر لە ساڵی 2029دا هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر خاکی ناتۆ دەست پێ بکات."

ئەڵمانیا، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاڕادەیەکی زۆر ئاشتیخوازە، ماوەیەکی زۆرە کەرتی بەرگریی خۆی پشتگوێ خستووە و پشتی بە دەسەڵاتی ئەمەریکا بەستووە لەناو ناتۆدا، بەڵام ئەم پشتبەستنە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا، گومانی لەسەرە.

پڕۆسەی چەکدارکردنەوە لە سەردەمی حکوومەتی پێشووی ئۆلاف شۆڵزدا دەستی پێ کرد، ئەوەش دوای سەرهەڵدانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی شوباتی 2022دا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment