ژماره‌یه‌ك هاووڵاتیی غه‌ززه‌ له‌ نزیک ناوەندەکانی وه‌رگرتنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كوژران

فریاگوزاریی فەڵەستینی ڕایگەیاند، چوار هاووڵاتی بەهۆی تەقەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری کەرتی غەززە لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان کوژراون، سوپای ئیسرائیلیش لەو بارەوە ڕاگەیاند، بۆ ترساندن و بڵاوه‌پێكردنیان تەقەیان کردووە.

یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی فریاگوزاریی فەڵەستینی ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە ژمارەیک کەس کرد کە بەرەو شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکان دەڕۆیشتن. ئاماژەشی دا، بەهۆی تەقەکەوە چوار کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

باسی لەوەش کردووە، تەرمی چوار کەسەكه‌یان لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان لە شاری ڕەفەح لە باشووری غەززە دۆزیوەتەوە.

لای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، هێزەکانیان لە باشووری کەرتی غەززە بە مەبەستی ترساندن و بڵاوه‌پێكردنیان تەقەیان لە گرووپێک کردووە کە بە ئاراستەی سەربازەکان ڕۆیشتوون. دووپاتیشی کردووەتەوە بەهۆی تەقەکەوە ژمارەیەک کەس بریندابوونە، بەڵام دڵنییا نین هیچ کەسێک کوژرابێت.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، هاووڵاتییان تەنیا لە کاتژمێر 06:00 بۆ 18:00 دەتوانن سەردانی شوێنی دابەشکردنی هاوکارییەکانی بکەن.

هاوکات وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستین ڕایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 104 کەس کوژراون کە پێنجیان لە شوێنەکانی نزیک لە ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکاریی مرۆییەکان لە باشوور و ناوەڕاستی غەززە بووە.