ئیسرائیل دۆزینەوەی تەرمی محەممەد سینواری دووپات کردەوە
سوپای ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا پشتڕاستی کردەوە کە تەرمی محەممەد سینواریان لە ژێر ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئەورووپایی لە خانیونس دۆزییەوە.
یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی پشتراستکردنەوەی تەرمی محەممەد سینوار ڕایگەیاند، هێزی بەرگریی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان بۆ ناسینەوەی تەرمی محەممەد سینوار، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس دەست پێ کرد.
پشتڕاستی دەکەنەوە تەرمی محەممەد سینواریان لە تونێلی ژێر زەوی نەخۆشخانەی ئەورووپایی لە خانیونس دۆزییەوە، هاوکات لە کاتی گەڕان بۆ تەرمەکەی ژمارەیەک کەلوپەل و زانیاریی دیکەیان دۆزیوەتەوە.
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس لە 13ـی ئایار لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی دیکەی ئەو بزووتنەوەیە کوژراوە.
لەو بارەیەوە ئێفی دیفرین، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تەرمێکمان لە ژێر ژووری فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکە دۆزیوەتەوە، دوای پشکنینی DNA بۆ ئەو تەرمە بۆمان دەرکەوت کە محەممەد سینوارە.
ڕۆژی چوارشەممەی 4ـی حوزەیرانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل محەممەد سینوار، فەرماندەی بزووتنەوەی حەماسی کوشتووە.
یەحیا سینوار، برا گەورەی محەممەد سینوارە، لە ئۆکتۆبەری 2024 لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژرا، کە لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە داڕشتنی پلانی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تۆمەتبار کرابوو.

