سووریا.. دەست بەسەر 800 کیلۆ حەشیش و 200 هەزار حەبی کەپتاگۆندا گیرا

بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا، دوو هاووڵاتی لوبنانییان لە حەلەب دەستگیر کردووە کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەریان پێ بووە.
دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، عەمید خالید عید، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاندووە "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئەو هەڵمەتەیان کردووە."
عەمید خالید، ئاماژەی بەوەش دا، هەڵمەتەکە، لەکاتێکدا بووە کە دوو کەسی بەڕەگەز لوبنانی هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەریان دەدا، بەڵام لە ئەنجامدا هەردوو تۆماتبار دەستگیر کران، هەروەها دەستیش بەسەر نزیکەی 800 کیلۆگرام حەشیش و 200 هەزار حەبی کەپتاگۆندا گیرا.
ڕوونیشی کردەوە، سووریا نابێتە پەناگەیەک بۆ بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها نابێتە خاڵی ترانزێت بۆ قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان. ڕێگەش نادرێت خاکەکەی بۆ هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بەکار بهێنرێت.


