ئاڵوگۆڕی دیلهكانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دهستی پێ كرد
گەڕێکی دیکەی ئاڵوگۆڕی دیلهكانی ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستی پێ کرد، ئاژانسێک لەم بارەوە ڕایگەیاندووە، ئاڵوگۆری دیلهكان تاکە پرسه کە ئەو دوو وڵاتە دەتوانن لەسەری ڕێک بکەون.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، ئاڵوگۆڕکردنی دیلهكان لەگەڵ ڕووسیا دەستی پێ کرد، بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوو بە چەند قۆناغێک بەردەوام بێت.
ئاماژەشی دا، دانوستان و ئاگربەست پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە زانیاریی نهێنیی هەیە، بەڵام ڕۆژانە پرۆسەکە بەردەوامە. گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەی ئیستانبوڵیش جەختمان لە گەڕاندنەوەی سەربازە دیلهكان کردەوە.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە، ژمارەیەک دیلییان لەگەڵ ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕ کردووە؛ هاوکات تاوەکوو ئێستا هیچ کام لە لایەنەکان ئاماژەیان بە ژمارەی ئەو دیلانه نەکردووە کە ئاڵوگۆڕ کراون.
پێشتر، ڤلادیمێر مێدێنسکی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە ڕایگەیاندبوو، لیستێکیان بە 640 دیلەوە گیاندووتە دەست ئۆکرانیا.
ئەمڕۆ دووشەممە، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملین) ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی کیێڤی بە تەواوی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بەڵام ڕووسیا پابەندی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی و سەربازەکان دەبێت.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئاڵوگۆڕی دیلهكان تاکە شتە کە ڕووسیا و ئۆکرانیا دەتوانن لەسەری ڕێک بکەون.
پێشتر هەریەک لە بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕووسیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە ئیستانبوڵ، دووپاتییان کردەوە شەش هەزار تەرم ئاڵوگۆڕ دەکەین لەگەڵ ئازادکردنی هەزار بۆ هەزار و 200 لەو دیلانەی برینی سەختیان هەیە یان تەمەنیان لە خوار 25 ساڵە.