بەهۆی هەڕەشەکانی ڕووسیا، ناتۆ توانای بەرگریی بە ڕێژەی 400% زیاد دەکات

دوای هەڕەشەکانی ترەمپ و مەترسییەکانی ڕووسیا، بڕیارە سکرتێری گشتیی ناتۆ لە گوتارەکەیدا لە لەندەن داوا لە ئەندامانی هاوپەیمانەکە بکات بە بەڕێژەی 400% توانای سیستەمی بەرگرییان زیاد بکەن.

دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025, ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز دەستی بە گوتارەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆ کەوتووە و تێیدا هاتووە، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە لەندەن داوا لە هاوپەیمانە سەربازییەکانی دەکات تواناکانیان بۆ سیستەمی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانی بەڕێژەی 400% زیاد بکەن.

ئەو ئاژانسە ئاشکراشی کردووە، هۆی بڕیارەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆیە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی ئاسمانی ئەورووپا بۆ هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە.

هەروەها گوتارەکە باسی لەوەشە کردووە، ناتۆ پێویستی بە هێزی سەربازی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات، چونکە دوای کۆتاییهاتنی جەنگیی ئۆکرانیا مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئێمە هەر بەردەوام دەبێت.

هاوکات تاوەکوو ئێستا چەند وڵاتێک بڕیاریان داوە بودجەی گشتیی بەرگرییان زیاد بکەن، لەوانە بەریتانیا کە بەڵینی داوە بودجەی گشتیی بەرگرییان لە 2.3%ـەوە بکاتە 2.5%، مەبەستییشیانە بۆ ساڵی 2027 بکەنە 3%. هاوکات ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، نزیکەی 60 هەزار سەرباز زیاد دەکەن.

پێشتر، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ داوای لە ئەندامانی هاوپەیمانەکە کردبوو، بودجەی گشتیی بەرگرییان بە ڕێژەی 3.5% زیاد بکەن، هاوکات لەگەڵ زیادکردنی ڕێژەی 1.5%ـی بودجە بە بۆ بەهێزکردنی سنوورەکانیان.

هەروەها پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو بەو مەرجە لە هاوپەیمانییەکە دەمێنێتەوە کە ئەندامانی ناتۆ بە ڕیژەی 5% بودجەی گشتیی بەرگرییان زیاد بکەن.