دادوەر ڕزگار محەممەد: داهاتی عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە بێ جیاوازی

دادوەر ڕزگار محەممەد ئەمین
دادوەر ڕزگار محەممەد ئەمین

دادوەر ڕزگار محەممەد ئەمین لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، گوتی: لە عێراق دەستوور جێبەجێ ناکرێت و لە بنەڕەتیشدا عێراق وڵاتێکی دەستووری نییە.

دادوەر ڕزگار محەممەد لەو چاوپێکەوتنەی کوردستان24 دەڵێت: دەبێت هاووڵاتیی لە ململانێی سیاسیی جیا بکرێتەوە، عێراق مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە مووچە بێبەش کردووە.

دادوەر ڕزگار گوتی: عێراق تەنها لە دەستوور پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵکو لە بنەڕەتدا عێراق وڵاتێکی دەستووری نییە، عێراق دوای ساڵی 1958، بنەما دەستوورییەکانی لەدەستداوە، بۆیە ڕۆشنبیریی دەستووری لای خاوەن بڕیارەکان و سیاسییەکان و دەسەڵاتی عێراقی، ڕۆشنبیرییەکی فەرامۆش کراوە چونکە نەچووەتە نێو کلتوورمان و ڕۆشنبیریی بەڕێوەبردن و ئیدارەدانمان.

ئاماژە بەوەش دەکات، عێراق هەمیشە دەستووری هەبووە هەر لە ساڵی 1925ـەوە تاکو ساڵی 1958، دواتر لە ساڵی 1958ـەوە دەستووری کاتیی هەبووە تاکو ساڵی 2005 کە دەستووری هەمیشەیی نووسرایەوە، دەڵێت: دەستوورەکە باشە و زۆر چەمک و ڕەهەندی پێشکەوتووی جیهانی تیادا کۆکراوەتەوە، مافی تەواوی خەڵکی عێراقیشی تیادا بەرجەستە کراوە.

دەڵێت: ناکرێت کورد بێبەش بکرێت لە داهاتی گشتی عێراق، لەگەڵ ئەوەی داهاتی عێراق بۆ هەموو خەڵکی عێراقە بێ جیاوازیی، کە حکوومەتی فیدراڵ کێشەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسێکەوە هەیە، بابەتێکی دیکەیە، ناکرێ خەڵکی کوردستان سزا بدات لەبەر ئەوەی کێشەی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.

لەبارەی بەڕێوەبردنی عێراقیش، دادوەر ڕزگار محەممەد گوتی: عێراق بە میزاج دەبرێت بەڕێوە، لە سیاسەتی گشتی و تایبەتدا میزاج ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە بەڕێوەبردنی عێراقدا، ئاماژە بەوەش دەکات، دەستووری عێراق لە سوچێکدا فڕێ دراوە و کاری پێ ناکرێت، ئەگینا دەستوورێکی باشە.

ئاماژەی بەوەش کرد، داهات و خێری عێراق لەسەر بنەمای پشک پشکێنە و تایفی و حزبایەتی بەسەر خەڵکیدا دابەش دەکرێت، ئەمەش یەکەم هەنگاوی پێشێلکردن و شکاندنی دەستوورە، دەشڵێت: ناکرێت دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای پشک پشکێنە دابەش بکرێت، چونکە دابەشکردنی پێشوەختەی دەسەڵاتەکان، هیچ بەهایەک بۆ پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن ناهێڵێتەوە، دەڵێت: حکوومەتی عێراق دەبێت پابەند بێت بەوەی، بەیەک چاو سەیری تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بکات، حکوومەتی عێراق نابێت خۆی لەسەرووی دەستوورەوە ببینێت.

لەبارەی فیدراڵی بوونی عێراقیشەوە، دادوەر ڕزگار گوتی: عێراق وڵاتێکی فیدراڵی نییە، ئەگەر بیەوێت ببێتە وڵاتێکی فیدراڵی، پێویستە هەرێمەکان هەبن، جگەلە هەرێمی کوردستان کە هەرێمێک بوو بەر لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی دیکەش هەن کە حەزیان لێیە ناوچەکەیان بکرێت بە هەرێم، بەڵام سیاسەتی گشتی حزبەکانی حوکمی عێراق دەکەن، لەگەڵ فیدراڵییەت و بوونی عێراق بە وڵاتێکی فیدراڵی نین، بەڵکو خواستێک هەیە لای چەند لایەنێکی عێراق، قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت.