شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی ئابووری لاهای کردووە
شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گەیشتوونەتە کۆڕبەندی ئابووریی لاهای لە هۆڵەندا، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نوێنەرانی وەزارەتی پیشەسازیی و وزە پێکهاتوون، لەگەڵ ئەوەی 20 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان لەبواری جیا جیادا بەشدارییان کردووە.
دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، لە شاری لاهای وڵاتی هۆڵەندا، کۆڕبەندێکی ئابووری لە گرین هاوسی ئەو وڵاتە بە بەشداریی 25 وڵاتی جیهان و لەنێوانیشیاندا هەرێمی کوردستان، دەستی بە کارەکانی کرد، بڕیارە لە ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیا جیهانییەکانی بەشداربوو بخەنە ڕوو، بەتایبەتیش لە هەردوو بواری پیشەسازیی و کشتوکاڵدا.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و 20 کۆمپانیا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەشداریی کۆڕبەندەکەی لاهایان کردووە، لە چوارچێوەی کۆڕبەندەکەشدا، دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، دوو ڕۆژ کۆڕبەند لەنێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بدرێت.
محەممەد شوکری دەڵێت: دەمانەوێت لەو کۆڕبەندەدا، هەرێمی کوردستان زیاتر بە کۆمپانیا جیهانییەکان بناسێنین و سەرنجی وەبەرهێنەران ڕابکێشین بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە کوردستان بکەن، ئەمەش بە خستنەڕووی هەموو ئەو دەرفەتانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتیش لە بواری پیشەسازیی و پیشەسازیی خۆراک و کشتوکاڵ، دەشڵێت: ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی ئەوەیە، کوردستان زیاتر بە وەبەرهێنەران و وڵاتانی دەرەوە بناسێنن بەوەی، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی جیاوازە لە عێراق لەڕووی ئاسایش و دەرفەتی وەبەرهێنان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: کوردستان پێویستی بەوە هەیە سەرچاوەکانی داهاتی فرە بکات، کۆڕبەندی دوو ڕۆژی داهاتووش لە لاهای، تیشک دەخاتە سەر پەرەدان بە کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ، سەرباری کەرتەکانی گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و تەندروستی و خزمەتگوزاریی، تەکنەلۆژیا و ئیدارەدانی ئاو.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرای کرد، هەوڵ دەدەن چەندین بەرهەمێکی نوێی کشتوکاڵی بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمبێنن، بەشێوەیەک پەرە بە پیشەسازیی خۆراک بدەن، بۆ ئەوەی پێویستیی ناوخۆیی پڕ بکەنەوە، هاوکات خۆراکی کوردستان ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتیش بکەن.