ترەمپ كاتی کۆبوونەوەی ئهمهریكا و ئێرانی ئاشکرا كرد
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئێران کۆ دەبینەوە و زانیاریی زیاتر لەبارەی پێشنیازەکەی ئەوان دەزانین، گوتیشی: بژاردەی دیکە بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە زۆر خراپ دەبێت.
دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان لەبارەی دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزهیران دووبارە لەگەڵ ئێران کۆدەبینەوە، زانیاریی زیاتر لە بارەی پێشنیازەکەی ئێران دەزانین. گوتیشی: ئەوان بە دوای پیتاندنی یۆرانیۆمن، ئێمەش ناتوانین ئەوەیان پێشکەش بکەین.
دۆناڵد ترەمپ دووپاتیشی کردەوە، بژاردەی دیکە بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە زۆر خراپ دەبێت. گوتیشی: ئەوان تێروانینی خۆیان بۆ چارەکردنی کێشەکە ڕاگەیاند، بەڵام من قبووڵم نەکرد.
لەبارەی پهیوهندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیلۆن مەسک، گوتی: بیرم لەوە نەکردووتەوە تەلەفۆنی بۆ بکەم، بەڵام ئەگەر من لە جێگای ئەو بام تەلەفۆنم دەکرد، بەلاشمەوە ئاساییە ئەگەر تەلەفۆنەکە بکات و تەنیا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.
هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، حەماس، ئیسرائیل، ئەمەریکا و ئێران لەبارەی ئاگربەستی غەززە لە نێوەڕاستی دانوستانێکی گرنگ و یەکلاکرەوەدان.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی حاکمی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند، گاڤن نیوزۆم، یەکەم تاوانی ئەوەیە کە حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیایە، چونکە سەرەرای جوانی و پێشکەوتنی ئەو ویلایەتیە، کاری زۆر خراپی کردووە، ڕێگەی داوا ملیۆنان کەس بێنە نێو شارەکە، هاوکات دەبێت زۆر بەختەوەر بێت کە هێزم بۆ ئەو ویلایەتە نارد، ئەگەر نە کێشەیەکی گەورە ڕوویدە دا.
گوتیشی: دۆخەکە زۆر خراپ دەبوو، بەڵام پێم وایە توانیومانە کۆنترۆڵ بکەین، هاوکات ئەگەر پێویستیش بکات سەربازی زیاتر دەنێرینە ویلایەتی کالیفۆرنیا، چونکە شەڕی ناوخۆم ناوێت.
لەبارەی ڕێککەوتن لەگەڵ چین باسی لەوە کرد، کاری باشمان لەگەڵ چین کردووە، بەڵام وڵاتێکی ئاسان نییە بۆ ڕێککەوتن، بەم نزیکانەش پەیوەندیی زیاترمان دەبێت و دەمانەوێت چین دەستکراوەتر بێت، چونکە ئەمە بۆ چین و جیهان باشە.