ترەمپ پاسەوانی نیشتیمانی زیاتر و هێزی دەریایی دەنێرێتە لۆس ئەنجلس
سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان نزیکەی دوو هەزار پاسەوانی نیشتیمانی دیکە و 700 سەربازی هێزی دەریایی دەنێرێتە لۆس ئەنجلس.
سێشەممە 10ـی حوزەیرانی 2025، ئەسۆشێیتد پرێس، لەسەر زاری سین پارنێل، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' ڕایگەیاندووە, دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ هێورکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، فەرمانی کردووە دوو هەزار پاسەوانی نیشتیمانی دیکە بنێرێتە لۆس ئەنجلس.
بەمشێوەیەش زیاتر لە چوار هەزار و 100 پاسەوانی نیشتیمانی لە لۆس ئەنجلس بڵاو کراونەتەوە.
ئەو ئاژانسە ئاماژەشی داوە، ئەوەش لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا نزیکەی 700 سەربازی هێزی دەریایی ناردووتە لۆس ئەنجلس، بۆ ئەوەی هاوشانی ئەفسەرانی دیکە ئاژاوەکەی ویلایەتی کالیفۆرنیا هێور بکەنەوە.
بە گوێرەی ئەسۆشێیتد پرێس، بڕیاربوو ئەو دوو هەزار و 100 پاسەوانی نیشتیمانییە ڕۆژی دووشەممە بگەنە لۆس ئەنجلس، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئاشکرا نییە پاسەوانەکان گەیشتوون یان نا.
جیم ماکدۆنێڵ، بەڕێوەبەری پۆلیسی لۆس ئەنجلس، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند "بەڕێوبەرایەتییەکەیان، لە ئامادەباشی تاکتیکیدایە، بەمەش دەتوانێن بەخێرای سەربازەکان بڵاو بکەنەوە و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.
هەروەها ئاماژەشی داوە، پشتگیریی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە دەکەین، بەڵام هەرکەسێک ئاژاوە و توندوتیژی بنێتەوە و هێرش بکاتە سەر ئەفسەران، ئەوە دەستگیر دەکرێت.
هاوکات ڕۆب بۆنتا، داواکاری گشتیی ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕۆژی دووشەممە سکاڵای یاسایی لەسەر ئیدارەی ترەمپ تۆمار کرد و جێگیرکردنی پاسەوانی نیشتمانی بە نایاسایی ناوبرد و ئیدارەی ترەمپی بە پێشێلکردنی سەروەری ویلایەتەکە تۆمەتبار کرد.
پێشتریش گاڤین نیوزۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڕایگەیاندبوو بڕیارە سکاڵا لەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆمار بکات، بەهۆی ئەوەی زیادەڕۆیی لە دەسەڵاتی فیدراڵی کردووە.
دووشەممە 9ـی حوزەیرانی 2025،دۆناڵد ترەمپ لەبارەی حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕایگەیاندبوو، گاڤین نیوزۆم، یەکەم تاوانی ئەوەیە کە حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیایە، چونکە سەرەرای جوانی و پێشکەوتنی ئەو ویلایەتیە، کاری زۆر خراپی کردووە، ڕێگەی داوە ملیۆنان کەس بێنە نێو شارەکە. هاوکات، دەبێت زۆر بەختەوەر بێت کە هێزم بۆ ئەو ویلایەتە نارد، ئەگەر نە کێشەیەکی گەورە ڕووی دەدا.
گوتیشی: دۆخەکە زۆر خراپ دەبوو، بەڵام پێم وایە توانیومانە کۆنترۆڵی بکەین، ئەگەر پێویستیش بکات سەربازی زیاتر دەنێرینە ویلایەتی کالیفۆرنیا، چونکە شەڕی ناوخۆم ناوێت.