وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حووسییەکان

دوابەدوای هێرشی دەریایی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریی بە حووسییەکان دا، ئەگەر هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕانەگرن، ڕووبەڕووی گەمارۆی دەریایی و ئاسمانی دەبنەوە.

یسرائیل کاتز، ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری تایبەتی ئێکسی خۆی ڕایگەیاند "قۆڵە درێژەکەی ئیسرائیل لە هەوا و دەریادا دەگاتە هەموو شوێنێک."

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە، گرووپی حووسی "وەڵامێکی بەهێزیان پێ دەگات ئەگەر بەردەوام بن لە هەڵدانی مووشەک بە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل" و بەڵێنیشی دا هێرشی زیاتر دەکرێتە سەریان.

وەزیری ئیسرائیل، ستایشی "هێزی دەریایی دەریایی کرد بۆ ئەو هێرشە سەرکەوتووەی کە کردیە سەر بەندەری حودەیدە.

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ ڕایگەیاند "هێزی دەریایی ئیسرائیل، بەندەری حودەیدەی بۆمباران کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی کەناڵی ئەلمەسیرەی سەر بە حووسییەکان بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل دوو هێرشی کردووەتە سەر بەندەرەکە"

ئاڤیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: کەشتییە مووشەکهەڵگرەکانی هێزی دەریایی ئیسرائیل، لە کاردانەوەی هێرشی مووشەکی حووسییەکان دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر پێگە حووسییەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کەناڵی ئەلمەسیرەی سەر بە حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، هێرشی دەریایی کرایە سەر بەندەرەکانی ڕەئس عیسا و حودەیدە و سەلیف لە ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان. 

سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن، گرووپی حووسییەکان بەردەوامن لە هەڵدانی موشەک بەرەو ئیسرائیل و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجیان "پشتیوانییە لە گەلی فەلەستین لە غەززە". 

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023، حووسییەکان بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، بەڵام زۆربەیان ڕێگرییان لێ کراوە یان نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment