ناوەرۆکی نامەکەی مەحموود عەباس بۆ ماکرۆن و محەممەد بن سەلمان ئاشکرا کرا
سەرۆکی دەسەڵاتیی فەڵەستین بەر لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی چارەی دوو دەوڵەتیی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین، نامەیەکی بۆ سەرۆکی فەرەنسا و شازادەی جێنشینی سعوودییە ناردووە و تێبینییەکانی خۆی تێیدا نووسیوە.
سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، ئاژنسی فرانس پرێس ناوەرۆکی نامەکەی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتیی فەڵەستین ئاشکرا کرد، کە دوێنێ دووشەممە، بۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییەی ناردبوو.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە نامەکەدا نووسیویەتی: فەڵەستین ئامادەیە هێزە نێودوڵەتی و عەرەبەکان لە ناوچەکەدا بڵاو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ناوچەکە سەقامگیر و پارێزراو بکەن.
ئاماژەشی داوە، حەماس نابێت چیتر فەرمانڕەوایی غەززە بکات و دەبێت چەک و توانا سەربازییەکانی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی فەڵەستین بکات.
مەحموود عەباس، باسی لەوەش کردووە، بە سەرپەرشتی و پشتگیریی نێودەوڵەتی، فەڵەستینییەکان بە ڕێککەوتنی ئاشتییانە ڕازین، کە کۆتایی بە داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل بهێنێت. هاوکات، داواشی کردووە، حەماس دەستبەجێ هەموو دیل و زیندانییەکان ئازاد بکات.
لە نامەکەیدا، سەرۆکی فەڵەستین پابەندبوونی خۆی بۆ چاکسازیی لە دەسەڵاتیی فەڵەستین و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و گشتی، لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دووپات کردووتەوە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین دەبێ خۆی ئاسایشی وڵاتەکە دابین بکات، بەڵام نایەوێت ببێتە دەوڵەتێکی میلیشیایی.
بڕیارە لەم مانگەدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە، هاوسەرۆکایەتیی کۆنفرانسی چارەی دوو دەوڵەتیی بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین بکەن.
پێشتر سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو "دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا دەنێت، بەڵام بە مەرجەی چەککردنی حەماس."