میران بەختیار: 12ـی ئەم مانگە دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیاراندا دەکەینەوە

 سێشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2025، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێمە ئامادەکارییەکان و هەموو کارێکی لۆجستی و تەکنیکیمان کردووە، بۆ  مانگە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە 12 ی ئەم مانگەوە."

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر دەڵێت: لیژنەی باڵا پێیان باش بوو ئێمە 12ـی ئەم مانگە دەرگای سایلۆکان بەڕووی جووتیاراندا بکەینەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی زیاتر هەماهەنگی هەبێت لەنێوان ئێمە و فەرمانگە کشتوکاڵییەکان، ئەو سیدییەی لە بەغداوە هاتووە ئەمڕۆ هەمووی تەواو دەکەین و دەیخەینە  سیستەمەوە بۆ ئەوەی هیچ هەڵەیەکمان لەم بابەتەدا نەبێت.

دەشڵێت: ئەمساڵ 122 هەزار و 600 تۆنمان بۆ دیاری کراوە، ساڵی ڕابردوو 126 هەزار تۆن بوو، بەڵام بەداخەوە لە سایلۆی هەولێر و قوشتەپە 97 هەزار تۆن گەنمی پارمان ماوەتەوە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرە، هەر بۆیە سایلۆی قوشتەپە ئێستا پڕە و نەمانتوانیوە بۆ ئەمساڵ بیخەینە ناو لیستی وەرگرتنی گەنم.

میران بەختیار، ڕاشیگەیاند "ئەمساڵ گەنمی سنووری پارێزگای هەولێر هەمووی دێتە ناو سایلۆی هەولێر، سەنتەری کۆیەش دەکەینەوە لە کاتیکی گونجاودا کۆیە و دەوروبەری دەخەینە ئەوێ."

بۆ ئەمساڵ، بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرێت، بەڵام حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدا دەبن بۆ ئەوەی هاوشێوەی جووتیارانی عێراق، گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت.

ساڵی ڕابردوو وەزارەتی بازرگانیی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕیارە حکوومەتی عێراق ئەمساڵ تەنها 400 هەزار دۆنم گەنم وەربگرێت، لە کاتێکدا گەنمی کوردستان زۆر لەو بڕە زیاترە  و کاریگەریی نەرێیی لەسەر بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران دروست کردووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment