ناتانیاهۆ: بەرەوپێشچوونێکی باش لە پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان هەیە
سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ڕایگەیاند، پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان بەرەوپێشچوونێکی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام گەشبین نیم، هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانیش ئاماژەی داوە، ئەمەریکا فشارێکی زۆر دەکات حەماس و ئیسرائیل ڕێک بکەون.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەلایەن نووسینگەکەی بڵاو کراوەتەوە، لەبارەی دانوستانەکەیان لەگەڵ حەماس ڕایگەیاند، بەرەوپێشچوونێکی زۆر باش لە پرۆسەی ئازاد کردنی بارمتەکان هەیە، بەڵام هێشتا هیچ هیوایەک بۆ ڕێککەوتن نییە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، واشنتن دڵنییایەکی زۆری بۆ کۆتاییهێنانی شەڕ بە حەماس داوە، بەڵام ئەوە تەنیا لایەنی ئەمەریکایە کە گەشبینە، ئیسرائیل هیچ گەشبین نییە.
گوتیشی: فشارێکی زۆر لە واشنتن هەیە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئیسرائیل و حەماس ڕێک بکەون.
هەروەها ئاژانسەکە لە سەر زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای ڕایگەیاندووە، حەماس دەبێت واز لە کردەوە هەڵەشەییەکانی بێنێت و بە ئاگربەستەکە ڕازی بێت.
ئاماژەشی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی بە حەماس ڕاگەیاندووە، ئەگەر بەردەوام بن لە هێشتنەوەی بارمتەکان، ئەوە ئەنجامێکی خراپی دەبێت.
پێشتر سەرکردایەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن تاوەکوو ئەو 55 بارمتەی کە لەو کەرتە ماونەتەوە ئازاد نەکرێت.
ههینی، 30ـی ئایاری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز پێشنیازەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی شەڕی غەززە ئاشکرا کرد و بڵاوی کردبووەوە، ئاگربەستەکە بۆ 60 ڕۆژ دەبێت، لە هەفتەی یەکەمدا، حەماس دەبێت 10 بارمتە ئازاد بکات و 18 تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیلیش ڕادەست بکاتەوە، لە بەرانبەردا ئیسرائیل دەبێت هەزار و 236 زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات و 180 تەرمی زیندانییەکانیش ڕادەست بکاتەوە.