لە ڕۆژانی جەژن زیاتر لە 60 ھەزار گەشتیار سەردانی دھۆکیان کردووە

لە پشووەکانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 60 ھەزار كەس سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆکیان کردووە.

خەیری عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە 4ی حوزەیرانی 2025، تاوەکوو 8 حوزەیران، بە ھۆی پشووەکانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 60 ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانى پارێزگای دھۆکیان کردووە".

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک ئاماژەی بەوەش دا: "لیژنەکان لە زاڵگە و دەروازەکانی دھۆک بەردەوام لە خزمەت و پێشوازیی ئەو گەشتیارانەدا بوون، بە گوڵ و شیرینی، جا چ لە ئامێدی بێت یاخود ئاکرێ یا شێخان یان سەنتەری قەزای دھۆک، تاکوو ڕوویەکی جوانی پارێزگای دھۆک نیشانی ئەو گەشتیارانە بدەین."

بــــە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای دھۆک "ھاتنی گەشتیار دەبێتە ھۆی ئەوەی ژێرخانی ئابووریی بەھێز ببێت و دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتيیانی دھۆک دروست ببێت."

لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە 900 ناوچەی گەشتیاری، ھەروەھا لەگەڵ زیاتر لە 250 شوێنی گەشتیاریی سروشتیی ھەن.