ڕووسیا: لە داهاتوویەکی نزیکدا لە مۆسکۆ لەگەڵ ئەمەریکا کۆدەبینەوە
ڤلادیمێر مێدێنسکی: ئۆکرانیا بە مەرجەکان ڕازی نەبێت، خاکی زیاتر لە دەست دەدات
باڵیۆزی ڕووسیا لە واشنتن ڕایگەیاند، دانوستانی وڵاتەکەی و ئەمەریکا لە داهاتوویەکی نزیک لەبارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت.
چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئەلێکساندەر دارچیڤ, باڵیۆزی ڕووسیا لە واشنتن ڕاگەیاند، هێشتا زۆری ماوە پەیوەندییەکەی ئەمەریکا و ڕووسیا ئاسایی ببێتەوە.
ئاماژەشی دا، ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا بەهۆی دەوڵەتی قووڵ و کۆنگرێسە دژە ڕووسییەکان خاو بووتەوە.
ئەلێکساندەر دارچیڤ باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەی داهاتووی ئەو دوو وڵاتە لە ماوەیەکی نزیک لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت.
لای خۆشیەوە ڤلادیمێر مێدێنسکی، ڕاوێژکاری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی جەنگەکەیان لەگەڵ ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام ئەگەر ئۆکرانیا بە مەرجەکان ڕازی نەبێت و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە لەبەرچاو نەگریت، ئەوە خاکی زیاتر لە دەست دەدات.
هەروەها گوتیشی: ئەستەمە بتوانن لەبەرانبەر ڕووسیا بۆ ماوەیەکی زۆر خۆڕابگرن.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، چەندین جار بە تەلەفۆن لەبارەی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە ئۆکرانیا و دواین پێشهاتەکانی جیهان و ناوچەکە قسەیان کردووە.
دووشەممە 2ـی حوزیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانووستانەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە تورکیا کۆتایی هات، بە گوێرەی بەرپرسانی هەر دوو شاندەکە، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و لەسەر چەند پرسێک ڕێککەوتن.