چەند وڵاتێک بەرپرسانی ئیسرائیل سزا دەدەن و ئەمەریکاش لەسەریان دێتە دەنگ
بەریتانیا و چوار وڵاتی دیکە، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری دارایی و ئابووری ئیسرائیل سزا دەدەن، ئەمەریکاش بڕیارەکە ڕەت دەکاتەوە و لەبەرانبەردا گرووپ و ڕێکخراوەکانی سەر بە فەڵەستین سزا دەدات.
بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا و نەرویچ ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕایانگەیاندووە، سزایان بەسەر هەردوو وەزیری کابینەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، بەزەلیل سمۆتریک، وەزیری دارایی و ئابووری ئەو وڵاتە، سەپاند.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئیتمار بن غەفیر، هانی توندوتیژی و توندڕەوی و پێشێلکاریی بەرانبەر مافە مرۆییەکانی فەلەستینی داوە. گوتیشی: ئەمە جێگای قبووڵ نییە، بۆیە ئەو بڕیارەمان داوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەو بارەیەوە لەسەر زاری دوو سەرچاوەی ئاگەدار لە بڕیارەکە بڵاوی کردووەتەوە، سزاکان بلۆڵکردنی سەروەت و سامان و قەدەغەی گەشتکردنی هەر دوو وەزیرەکە دەگرێتەوە.
لەبەرانبەردا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئیدانەی بڕیارەکەی ئەو وڵاتانە دەکات و نووسیویەتی: ئەم بڕیارە یارمەتی هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە، کۆتایی هێنان بە شەڕ، گەڕاندنەوەی بارمتەکان نادات.
هەروەها داوای هەڵگرتنی سزاکان دەکات و ئەو بڕیارە ڕەت دەکاتەوە، هاوکات ئاماژەی داوە، حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئەمەش بە بیری هاوبەشەکانمان دەهێنینەوە کە دوژمنی ڕاستەقینە کێیە.
لای خۆیەوە جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بڕیارەکەی ئەو وڵاتەنە ئیدانە دەکات و دەڵێت: لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی حکوومەتەکەیان بڕیار دەدەن، چۆن وەڵام بدەینەوە.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری سزاکان لەسەر وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەریکا بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی حەماس سزای بەسەر ڕێکخراوێکی مافەکان مرۆڤی فەلەستینی و پێنج گرووپی خێرخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپادا سەپاند.
هەفتەی ڕابردوو، سەرکردەکانی بەریتانیا، کەنەدا و فەرەنسا فشارەکانیان لەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، بۆ هەڵگرتنی ئابڵوقە بەسەر هاوکارییە مرۆییەکانی کەرتی غەززە زیاتر کرد.